پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ تەواو بووە و كێشەی شكانی بۆرییەكە كۆتایی دێت.
پارێزگای هەولێر لە ڕگەیاندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێی شاری هەولێر تەرخان كرا، دەستبەكارەكانی گۆڕینی بۆرییەكە كرا و ئێستاش كارەكانی پرۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە دەبەسترێتەوە و گرفتی شكانی بۆرییەكە چارەسەر دەبێت.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، پڕۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر لە قۆناغی كۆتاییدایە و كارەكانی دروستكردنی box culvert تەواو بووە، هەروەها كارەكانی پاراستنی كاپۆدی بۆ بۆڕییەكە تەواو بووە و گشت پێداویستییەكانی بەستنەوەی بۆڕیی كۆن و نوێ گەیشتووەتە شوێنی كار و كاری دانانی بۆڕی و لەحیمكردن و داپۆشینی بۆرییەكە تەواو بووە، هەروەها كارەكانی دروستكردنی مەنهۆڵ بۆ قوفلە هەوایییەكان لە قۆناغی كۆتاییدایە.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە و پرۆژەكە بە كۆتا دێت و بەتەواو بوونی كاریگەری تەواوی لەسەر باشتركردنی پڕۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت.