بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023 دادگای دەستووری توركیا بڕیار لەبارەی كەیسی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەوە بدات.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023 دادگای دەستووری توركیا بڕیار لەبارەی كەیسی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەوە بدات، بەڵام بەرپرسانی هەدەپە بایكۆتی دانیشتنەكەی دادگای دەستووری توركیا دەكەن.
پێشتر دادگای دەستووری توركیا بڕیاری راگرتنی هەژماری بانكی و هاوكاری دارایی هەدەپەی دەركرد و دواتر بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.
دەسەڵاتدارانی توركیا ئاكپارتی و مەهەپە خوازیاری داخستنی هەدەپەن، ئەوەش بۆ دروستكردنی ئاستەنگ بۆ بەشداریكردنی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام هەدەپە بە ناوی پارتی چەپی سەوز لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیدا بەشداری دەكات.
هەدەپە سێهەم گەورەترین پارتی توركیایە و گەورەترین پارتی كوردی باكووری كوردستانە، خاڵی یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكانی 14ی ئایاری 2023یە لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.
ئاماژەكان بەرەو ئەوەن هەدەپە بچێتە پاڵ ئۆپۆزسیۆن، بەوەش ئاكپارتی و مەهەپەی دەسەڵاتدار تووڕەن و گووشار بۆ دادگای دەستووری دەهێنن تا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات.
14ی ئایاری 2023 لە توركیا هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بەڕێوەدەچێت، ئەگەری دروستكردنی گۆڕانكاری لەسەرانسەری ناوچەكە هەیە، بەوپێیەی بەپێی زۆرینەی راپرسییەكان سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان تووشی شكست دەبێت و ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەكە دەباتەوە.