بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەریەك لە بەشە نیشاستە و ئاردی سفر، كە بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دیاریكرابوو دابەشكراوە و تەنها هێلكە و شەعریە ماوە داوامان لە بەغدا كردووە ئەو دوو بەشە ماددەشمان بۆ ڕەوانە بكەن.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە (خەڵك) ڕاگەیاند، لە سنوری سلێمانی بەشە نیشاستە هەمووی دابەشكراوە و ئاردی سفریش 80%ی دابەشكراوە و 600 تۆن ماوە دابەشبكرێت.
وتیشی، “بەشە هێلكە و شەعریە نەهاتووە بۆ ئەوەی دابەشی بكەین، داوامان لە بەغدا كردووە بۆمان ڕەوانە بكات، تا بەزووترین كات ئەو دوو ماددەی ڕەمەزانیش بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكەین ، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو بگات”.
ڕاشیگەیاند، تەواوی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگی “سێ ” هەمووی دابەشكراوە و چاوەڕێی هاتنی بەشەخۆراكی مانگی چوار دەكەین و لەگەڵ بەغدا قسەمان لەو بارەیەوە كردووە.
ئاشكرشیكرد، هێشتا ڕوون نیە بۆ مانگی چوار فاسۆلیا دابەشدەكرێت یان نیسك، ئەوە هەفتەی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە، بەڵام بۆ مانگی سێ فاسۆلیا دابەشكرا.