ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، كە ئێستا بەهۆی هەڵوێستی فراكسیۆنەكەی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بایكۆتی كۆبووونەوەكانی پەرلەمانی كردووە ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی نەبوونی دەرمان و پاشەكشەی خزمەتگوزاریی لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی لە دادگایە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو كوردستاندا كێشەی خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرانبەر لە پاشەكشەدایە، بەڵام كێشەی نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان، بەجۆرێك ئیتر كۆمپانیاكانی دەرمان ئامادە نین دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكەن.
وتیشی، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم كێشەیەمان وەك سكاڵایەك خستە بەردەم دادگا لە شاری سلێمانی، پاشان وەك بەشێك لە پڕۆسەی دادبینی بەڵگەی پێویستمان پێشكەشكرد، دواتریش چەند گەنجێكی دڵسۆز ئامادەی گەواهیدان (شاهیدیدان) بوون لەسەر كێشەكە”.
گوڵپی داوا دەكات، “ڕێڕەوی بینینی ئەم داوایە لە قازانجی خەڵك و نەخۆشەكان بێت و ببێتە هۆی كۆتایهێنان بەم دۆخە خراپەی نەخۆشخانەكان ڕووبەڕووی بوونەتەوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە لایەنەكانی دەسەڵات تێبگەن، كە سیاسەتی چەوتی ئەوان تەنها یارییەكی منداڵانە نیە، بەڵكو مەترسی لەسەر ڕۆحی هەزاران هاووڵاتی دروستكردووە، كە ڕۆژانە پێویستیان بە نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەكانی ترە، بەتایبەت نەخۆشێكی هەژار ڕوو لە كوێ بكات كاتێك دەرگای نەخۆشخانەی حكومی بە ڕوودا دادەخرێت؟
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: “پارە و سەروەت و سامانی كوردستان هی هەموو خەڵكی كوردستانە و پێویستە بەشێوەیەكی دادگەرانە دابەشبكرێت بەسەر خزمەتگوزاریی و بوارە جیاجیاكان و پارێزگاكاندا و یاسا بنەمای مامەڵە بێت نەوەك سیاسەتی چەوت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی پێشوو د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كێشەی كەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكییان هەیە و توانای دەرمان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان بۆ نیوە دابەزیوە.