چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت “دەبوایە ڕووداوەكەی سلێمانی هەردوو هێزی كۆبكردایەوە نەوەك بە پێچەوانەوە هەردووكیان زیاتر بەربوونەتە گیانی یەكتر و حزب و حكومەتیان كردۆتە ئامانج”.
شێرزاد مامە، چاودێری سیاسی لەبارەی هێرشەكەی بەم دواییەی توركیا بۆ سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم پرسە دوو ڕەهەندی هەیە، ئەویش ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی هەسەدە لە هەرێمی كوردستان لە نزیك سنورەكانی توركیا، نەخشەیەكی ئەمنی گرنگی هاتووچۆی هێزەكانی هەسەدەی ئاشكرا كرد لەنێوان سوریا و سلێمانی، بۆیە ئەم ڕووداوە سەرنجی سەربازی و ئەمنی توركیای خستە سەر جوڵەكانی هەسەدە و هاتووچۆكانی نێو فڕۆكەخانەی سلێمانی.
دەشڵێت: “جگە لەم ڕووداوە هەندێ لێدوان و دەركەوتنی پەیوەندی تۆكمەی نێوان هەسەدە و سەركردە سیاسی و ئەمنیەكانی سلێمانی دوو هەنگاوی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەویش داخستنی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەئامانجگرتنی مەزلوم كۆبانی، پەیامەكەش ئەوەیە توركیا ئەو جمووجۆڵ و ڕووداوانە بەمەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت و بەپێی ستراتیجی پاراستنی ئەمنی قەومی توركی بەمافی خۆی دەزانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە”.
شێرزاد مامە باسی لەوەشكرد، نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و كێبڕكێی توندی نێوان بەرەی ئاكپارتی و هاوپەیمانی هێزە كوردیەكان لەگەڵ هێزەكانی نەیاری ئەردۆگان، وایكردووە بۆ بردنەوەی گرەوی هەڵبژاردن لەناوخۆ ئەم جووڵە سەربازیانە پیادە بكات بەرامبەر هەسەدە و پەكەكە.
لەبارەی كاردانەوەكان دژی ئەم كردە سەربازیە ئەوەی خستەڕوو، بەدەنگەوە هاتنی عیراق لەم قۆناغەی ئێستا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تەواوی سنورەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوبن بە پاڵپشتی سیادەی عیراق وەك دەوڵەتێكی شەرعی لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەرچەند ناتوانێت هیچ شتێكی كرداری بكات لەبەرئەوەی چاودێری تەواوی هەندەسەی پاراستنی سنورەكانی هەرێم لەژێر چاودێری و لەژێردەستی سیستمی سەربازی عێراقدا نیە.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە ئیسلامیەكان، ئەو چاودێرە سیاسیە پێی وایە، “سیستمی سەربازی و ئەمنی هەرێمی كوردستان 100% لەژێر دەستی پارتی و یەكێتییە، بۆیە ئەو ڕووداوە و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان پێویستە رەهەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەبێت و مونافەسەی نێوان دووهێزە سەرەكیەكە نابێت لەسەر حسابی خاك و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە دەبوایە ڕووداوەكە هەردوو هێزی كۆبكردایەوە نەوەك بە پێچەوانەوە هەردووكیان زیاتر بەربوونەتە گیانی یەكتر و حزب و حكومەتیان كردۆتە ئامانج، لەبەر ئەوە لەو دۆخێكی ئاوا هەر حزبێك بێت تووشی سەرسوڕمان دەبێت، ڕەنگە نەبونی هەڵوێست و لێدوان باشترین هەڵوێست بێت لەپێناو زیاتر ئاڵۆز نەبوونی دۆخەكە.”