پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی شەرمەزاركرد.
هەدەپە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت ” هێرشە سیستماتیك و بەرنامە بۆ داڕێژراوەكان بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و ناوچە مەدەنییەكان، بارودۆخێكی مەترسیداریان بۆ تەواوی ناوچەكە دروستكردووە”.
دەشڵێت “هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی لە ۷ی نیسانی ۲۰۲۳ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە كاتێكدا بوو، كە لە ۳ی نیسانی ۲۰۲۳ەوە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخرا، بەو هێرشەش ئاستی مەترسییەكانی زیاتر كردووە”.
راشیگەیاند “هەرچەندە ئەو هێرشە بۆ سەر ئەو فڕۆكەخانەیە، كە ساڵانە لەلایەن هەزاران هاوڵاتیی مەدەنییەوە بەكاردەهێنرێت و هیچ قوربانییەكی گیانیی نەبوو و ئەوەش رایگشتیی هەندێك ئاسوودە كرد، بەڵام گرنگە هەموو رایگشتی بە تایبەتی خەڵكی سلێمانی هێزەكانی پشت ئەو هێرشە ئاشكرا بكەن”.
ئاماژە بەئەوەش دەكات “لە ئەنجامی هێرشی هاوشێوەی پێشووتردا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی كوژراون و ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرانەكراون، ئەوەش ڕێگەخۆشكەرە بۆ بەردەوامیدان بەمجۆرە هێرشانە. هێزەكانی پشت هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەیانەوێت بە داخستنی هەرێمی كوردستانی عێراق لە بازنەی توندوتیژدا، سوود لە ژینگەی ململانێی نێوان لایەنەكان وەربگرن”.
دەشڵێت “داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، حكومەتی ناوەندیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین، كە هەڵوێستێكی ڕوون بەرامبەر بەو هێرشانە بگرنەبەر، كە ڕاستەوخۆ خەڵكی مەدەنی دەكەنە ئامانج و پرۆسەی ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو جۆرە كارانە بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بەڕێوەببەن. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەم هێرشه تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیك دەگۆڕێت بۆ ناوەندی ناكۆكی و قەیران. بەو بۆنەیشەوە سەرەخۆشیی خۆمان لە خەڵكی سلێمانی دەكەین و دەمانەوێت بزانن، كە لە بەرامبەر ئەو هێرشە تاریكانەدا لەگەڵیانداین”.