وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكراوەتە سەر كاروانە سەربازییەكانی ئەمریكا و جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی سەربازی كورد كە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە لە شەڕی دژ بە داعش.
عەقید جۆ بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا، ڕایگەیاند”لە كاتی هێرشەكەدا سێ سەربازی ئەمریكایی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ بوون و لە یەك كارواندا گەشتیان كردووە، خۆشبەختانە كەس نەبۆتە قوربانی و لێكۆڵینەوەش لە ڕوداوەكە بەردەوامە”.
هەر لە بارەی ئەو هێرشەی بە فڕۆكە بێفڕۆكەوان لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجامدرا، خۆرئاواییەكان گومانیان هەیە توركیا دەستی لەو هێرشەدا هەبێت، بەو پێیەی وەك نەیار سەیری كوردانی ڕۆژئاوا دەكات، ڕووداوەكەش دوای چەند ڕۆژێك بوو لە داخستنی كایەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی بەرەو فڕۆكەخانەی سلێمانی بەو بیانووەی “چالاكیی گەریلاكانی پەكەكە زۆربوون و مەترسی لەسەر سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەكان دروست دەكەن”.