دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و ڕووخانی ڕێمی بەعس لە دوای ساڵی 2003ەوە عێراق بووە خاوەنی جۆرێكی نوێ لە دینار، كە تا ئێستا 7 جۆری بە بڕی جیاواز هەیە و بڕیارە جۆری 8 بە بڕی (20 هەزار، كە دەكاتە نزیكەی 15 دۆلار) دەربكات و ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی دەڵێت: “نابێتە هۆی نزمبوونەوەی بەهای دینار”.
عێراق خاوەنی کۆمەڵێک پارەی دراوە بۆ ئاڵوگۆڕكردن، کە پێکهاتەی بارستە دراوی ناوخۆیی لە بازاڕدا پێکدەهێنن و ئەم بڕانەش بریتین لە (٢٥٠، ٥٠٠، ١٠٠٠، ٥٠٠٠، ١٠٠٠٠، ٢٥٠٠٠، ٥٠٠٠٠) دینار و دوایین دەرچوونی دراو لە ساڵی ٢٠١١ بووە کاتێک بانکی ناوەندی عێراق دراوێکی بانکی لە پۆلی 50 هەزار دیناری دەرکرد، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو سیستەمی پارەدانی کاشی عێراقی.
بەپێی ڕاپۆرتێكی (العربی الجدید)، ئیحسان یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە، چاپكردنی 20 هەزار دیناری دەچێتە بواری پڕۆسە نەختینەییە سروشتییەكانی بانكی ناوەندییەوە و لە ئێستادا لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی زنجیرەی كاغەزی دراوە نیشتیمانییەكاندایە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕی دراوی دیناری ئاڵوگۆڕكراو لە نێوان هاووڵاتییان لە بانكەكان بریتییە لە 84 ترلیۆن دینار و دەستپێكردنی چاپی 20 هەزار دیناری نابێتە هۆی زیادبوونی ئەو بڕە، چونكە دەچێتەوە ناو سیستەمی نەختینەیی ئێستا.
وتوشیەتی، “چاپكردنی 20 هەزار دیناری نابێتە هۆی نزمبوونەوەی بەهای دینار و كاریگەری نابێت لەسەر ئاست و قەبارەی هەڵئاوسان لە بازاڕەكان، چونكە هەڵئاوسان پەیوەندی بە سیاسەتی ئابورییەوە هەیە نەك بە سوڕی نەختینەیی”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هۆشداری دەدرێت لە مەترسییەکانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی، بەڵام بە وتەی ڕاوێژكارەكەی بانكی ناوەندی هیچ كاریگەرییەكانی لەسەر بەهای دینار نابێت.
دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، دراوی عێراقی گۆڕانکاری لە شێوە و سروشتیدا ڕوویدا هاوشان لەگەڵ گۆڕان و هەڵاوسانی سیستەمی دارایی عێراق لە ژێر بارودۆخێکی ناجێگیردا، کە وایکرد بەهای ناوخۆیی و کاریگەریی بازاڕی خۆی لەدەست بدات.
هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا دراوی ناوخۆیی تووشی داڕمانی گەورە بوو، دوای ئەوەی بانکی ناوەندی بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە نرخی ١٢٠٠ دینارەوە بۆ 1450 دینار واتە بەڕێژەی تا ٢٢% کەم بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی کورتهێنانی دارایی و قەیرانی ئابووری لە وڵات.