یەكەم كۆبوونەوەی ئاستبەرزی ئێران و سعودیە ئەنجامدرا



 

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە پەكینی پایتەختی چین كۆبوونەوە، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەكەمین كۆبوونەوەی فەڕمی ئاستبەرزی نێوان دوو وڵاتەكەیە، ئەمەش دوای ئەوەی چین نێوەندگری كرد لە ڕێككەوتنێكدا بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران.

دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتیی نێوانیان كە بووە هۆی كەوتنەوەی ململانێ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاران و ڕیاز ڕێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییە دیبلۆماتییەكەی نێوانیان و دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیان لە وڵاتانی یەكتردا، ئەمەش لە ڕێككەوتنێكی گەورەدا كە مانگی ڕابردوو چین كارئاسانی بۆ كرد.

وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و هاوتا ئێرانییەكەی حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان سڵاو لە یەكتر دەكەن و دواتر دادەنیشن.

دوو وڵاتەكە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند لە ماوەی دوو مانگدا لە دوای ڕێككەوتنەكەوە ئامادەكاری دەكەن بۆ دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەكان و كونسوڵخانەكانیان لە وڵاتانی یەكتردا.

لە بەیاننامەكەدا دەڵێن ” تیمە تەكنیكییەكان بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیكردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای زیاتر بۆ فراوانكردنی هاریكارییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە، لەوانەش دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان و سەردانی بەرپرسانی فەڕمی و شاندەكانی كەرتی تایبەت و كارئاسانیكردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی دوو وڵاتەكە.”

لە مانگی سێدا سەرۆكی چین شی جین پینگ نێوەندگری كرد لە ڕێككەوتنێكی كتوپڕدا لە نێوان سعودیە و ئێران كە ماوەی حەوت ساڵە گرژی و ناكۆكی هەیە لە نێوانیاندا.

لە ساڵی 2016 دا سعودیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا بڕی، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەكەی لە تاران هێرشی كرایەسەر، لە نێوەندی ناكۆكییەكی نێوان دوو وڵاتەكەدا سەبارەت بە لە سێدارەدانی مەلایەكی شیعە لەلایەن سعودیەوە.

سعودیە داوای لە دیبلۆماتكارانی ئێران كرد لە ماوەی 24 كاتژمێردا سعودیە جێبهێڵن و لە هەمان كاتیشدا باڵیۆزخانەكەی لە تاران چۆڵ كرد و كارمەندەكانی گواستەوە.

لە ساڵی 2015 دا پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە خراپتر بوون دوای ئەوەی سعودیە و ئیماڕات دەستیان وەردایە جەنگی یەمەنەوە، كە لەوێ حوسییەكانی هاوپەیمانی ئێران حكومەتەكەی یەمەنییان دوورخستەوە كە سعودیە پشتیوانی لێدەكرد و سەنعای پایتەختییان كۆنتڕۆڵ كرد.

سعودیە پێیوایە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ ئێراندا ئاسایشی وڵاتەكەی باشتر دەكات. سعودیە بەردەوام ئێرانی تۆمەتبار كردووە بە تۆمەتی پڕچەككردنی حوسییەكان كە ئەوانیش هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانییان كردووەتە سەر شارەكانی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەكانی.

لە ساڵی 2019 دا سعودیە ڕاستەوخۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار كرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورە بۆ سەر دامەزراوەكانی كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودیە كە نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت، بەڵام تاران ئەو تۆمەتەی ڕەتكردەوە.

 

سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی هەڵوەشێندراوەتەوە
پێت سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی هەڵوەشێندراوەتەوە
دار ئەرخەوانەکان گردی سەیوانیان ڕازاندووەتەوە
دوات دار ئەرخەوانەکان گردی سەیوانیان ڕازاندووەتەوە
پەیوەنیدر