كاسبكاران داوای سەقامگیربوونی بەهای دۆلار دەكەن



 

تا ئێستا بەهۆی كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە.

مانگی رابردوو، بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو نرخی كڕینی یەك دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ھەزار و ٣٠٠ دینار دیاریی كراوە و فرۆشتنی یەك دۆلار بە بانكەكان لە رێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دیاریی كراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەك دۆلار لە بانكەكاندا بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دیاریی كراوە.

بەشێك لە كاسبكاران پێیان وایە تا ئێستا بەهۆی كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر نییە و رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەمەش هاووڵاتییانی بەگشتی و بازرگانانیشی بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە.

كاسبكارێكی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئاماژە بەوە دەكات ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی خستنەڕووی بڕی زیاتری دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەهای دینار بەرزبووەتەوە، پێشبینی ئەوەش دەكات لەگەڵ پەسەندكردنی بوودجەی عێراق، جارێكی دیكە بەهای دینار بەرزبێتەوە.

كاسبكاری ئاڵوگۆڕی دراو، سەعدی عەلی دەڵێت “چەند رۆژێكە بەهای دینار بەرزبووەتەوە، هۆكارەكە بۆ گرتنەبەری چەند رێكارێك دەگەڕێتەوە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، یەكێك لەو رێكارانە ئەوەیە رۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە كە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەیە”.

سەعدی عەلی دەشڵێت: “ئەم بەرزبوونەوەی بەهای دینارە كاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی بازاڕ هەیە و هیوادارین كە بگاتە ئەو نرخەی بانكی ناوەندی مەبەستییەتی، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە لەكاتی پەسەندكردنی بوودجە بەهای دینار هێشتا بەرزدەبێتەوە”.

كۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە ١٣٥ هەزار دیناری عێراقی جێگیركردووە و بەم نرخە مامەڵە لەگەڵ كڕیارەكانیدا دەكات.

كارمەندی كۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی لە هەولێر، ئەحمەد بەختیار لەبارەی شێوازی نوێی فرۆشتنەوە دەڵێت: “ئامانجی ئێمە ئەوەیە كڕیارەكانمان سوودمەندبن، دۆخەكە بەهۆی بەرز و نزمی بەهای دینارەوە، دڵەڕاوكێی دروست كردووە، بۆیە ویستمان كەشێكی سەقامگیر بۆ كڕیارەكان فەراهەم بكەین و بڕیارماندا بۆ كەلوپەلەكان بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك بڕی ١٣٥ هەزار دینار وەربگرین، هاوكات ئێمە رەچاوی ئەوەشمان كردووە كە هەموو شایستە داراییەكانی هاووڵاتییان بە دینارە، بۆیەش ئێمە دینارمان جێگیر كرد”.

ئەحمەد بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد، لە كاتێكدا هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٣٥ هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام دەستكاری نرخی كەلوپەلەكان نەكراوە “لەم بڕیارە بەردەوامین تا دۆخەكە سەقامگیر دەبێت، ئەو نرخە لەسەر هەموو ماركەكانیشە، هەرچەندە ئێمە كەلوپەلەكان بە دۆلار دەكڕین، بەڵام بە دینار دەیفرۆشینەوە”.

بازاڕ چاوەڕوانی ویژدانی بازرگانەکانە
پێت بازاڕ چاوەڕوانی ویژدانی بازرگانەکانە
ڕێگری لە ناردنی مریشک بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت
دوات ڕێگری لە ناردنی مریشک بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت
پەیوەنیدر