كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات و سەرۆك وەزیران ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی دەسكەوتێكی گرنگە و هەنگاوێكی دیكەیە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و دەشڵێت: “ڕێككەوتنەكە كرا بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێكی دەستووری هەرێمی كوردستان بكەن”.
ئەمڕۆ چوار شەممە 5ی نیسانی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر ئەنجامی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران بۆ بەغدا و واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، كە ئەم ڕێككەوتنە، دەسكەوتێكی گرنگە و هەنگاوێكی دیكەیە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ. سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی كرد بۆ هەوڵ و كاركردنی لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ.
سەرۆك وەزیران هەروەها دەستخۆشی لە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیان ئەم ڕێككەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێكی دەستووری هەرێمی كوردستان بكەن.
ڕوونیشی كردەوە، “دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حكومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیان بڕی، هەرێمی كوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بكات و ڕێكارەكانی هەناردەكردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ، حكومەتی هەرێم نەوتی هەناردە كرد”.
سەرۆك وەزیران هیوای خواست، ڕێككەوتنەكە وەكوو خۆی و لە نزیكترین كاتدا جێبەجێ بكرێت و ببێتە بنەمایەكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەد، ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پوختەیەكیان دەربارەی ئامانج و پێكهاتە و تایبەتمەندییەكانی پڕۆژە یاسای (وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان) خستەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، باشتركردن و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاكسازیكردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوەی ڕێكارەكانی كاركردن لە كەرتی گشتی و تایبەت و ڕەچاوكردنی مافی نەخۆش .
دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و سەرنج لە سەرپڕۆژە یاساكە، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساكەدا بكرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و سەرنجەكان و بە ئاراستەی زیاتری دەوڵەمەندكردنی پڕۆژە یاساكە، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بكرێت.
بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی گرانی نرخ لە بازاڕەكاندا.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەیوەندیدارەكان، ڕوونكردنەوە و زانیاری و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكان و نرخی كاڵاكان و كەمكردنەوەی بارگرانی لە سەر گوزەرانی هاووڵاتییان خستەڕوو.