بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایەكی كەشناسی، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە سبەینێوە كەش و هەوا ناسەقامگیر دەبێت و باران بارین بەشێوەی پچرپچر دەستپێدەكات.
ئاراس جەبار، شارەزانی كەشناسی بڵاویكردەوە، سبەینێ سێشەممە ٢٩-١١-٢٠٢٢ لەئەنجامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەكانمان و لەگەڵیدا ھاتنی بارستەیەك ھەوای شێدار و گەرمی دەریای سوور ئاسمانی ھەرێم بە زۆری لەكاتەكانی رۆژدا دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەكاتەكانی شەودا كەش ناسەقامگیر دەبێت و بارانبارین بەشێوەیەكی پچر پچر سەرەتا لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و پاشان سنوری پارێزگای ھەولێر دەستپێدەكات. لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە ئاراستەی باكوری رۆژھەڵاتەوە لەنێوان ٢٠ تا ٤٠ كم/س ، پلەكانی گەرماش بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، كاریگەری ئەم ناسەقامگیریە لەكاتەكانی بەیانی رۆژی چوارشەمەوە ٣٠-١١-٢٠٢٢ زیاتر دەبێت و سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە بەڕێژەی زیاتر سنوری پارێزگای دھۆك و ناوچە شاخاوییەكانی بارانبارینی دەبێت لەگەڵ چالاكبوونی ھەورە تریشقە و لێزمە باران و بارینی تەرزە لەھەندێ كات و ناوچەدا .
دەشڵێت، شەپۆلەكە بەڕێژەیەكی مامناوەند كاریگەری لەسەر ناوچەكانی پارێزگای ھەولێر ، سلێمانی ، ھەڵەبجە ، كەركوك ، ئیدارەی راپەرین دەبێت بەشێوەی بارانی مامناوەندی بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەكاندا و لەناوچە نزمەكانیشدا بارانی پچر پچر كە ئەگەری چالاكبوونی ھەورە تریشقە و تاوە باران و بارینی تەرزە دەبێت ، كاریگەری لەسەر ناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان كەم دەبێتەوە بۆ بارانێكی كەم لەھەندێ كاتدا ، پلەكانی گەرماش بەراورد بە رۆژی سێشەممە بەرێژەی ٤ تا ٥ پلە نزمدەبنەوە و خێرای با مامناوەند چالاك دەبێت لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە لەنێوان ١٥ تا ٣٠كم/س .
بەگشتی كاریگەری ئەم شەپۆلە تا بارەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١-١٢-٢٠٢٢ لەسەر ناوچەكانمان بەلاوازی دەمێنێتەوە و دواتر كۆتایی دێت.