پارتە رۆژهەڵاتییەكان هەڕەشەی جووڵاندنی هێز دەكەن



پلانی داخستنی بنكە و بارەگاكانی پارتە رۆژهەڵاتییەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە

پارتە رۆژهەڵاتییەكان كە بنكەو بارەگاكانیان لە هەرێمی كوردستانه،‌ چەك دانان و داخستنی بنكە و بارەگاكانیان ڕەتدەكەنەوە و جەخت لەسەر بردنی هێزەكانیان بۆ قوڵایی ئێران دەكەنەوە ئەگەر فشاریان بخرێتە سەر بۆ داخستنی ناوەندە سەربازییەكانیان.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند بڕیاری پابەندبوون بە هەر فشارێكی نێودەوڵەتی بۆ چەكدانان دەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكەی، بەڵام بەدووری زانی حزبی دیموكرات ئامادەی ئەم هەنگاوە بێت.

ئەو دەڵێت “مەسەلەی داخستنی كەمپی هێزە كوردییەكان پەیوەندی بە رێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئێرانەوە هەیە. ئەگەر داوای چەك دانانمان لێكرا، ئەوكات دەفتەر‌ی سیاسی و سەركردایەتی دیموكرات بڕیار دەدات.”

زیبایی دەشڵێت “هەموو یاساكانمان پاراستووە و نەبووینەتە مەترسی بۆ سەر ئێران، ئێمە خەباتی سیاسی دەكەین و چەكمان بۆ بەرگری هەڵگرتووە.”

19ی مانگی رابردوو عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەردانی عێراقی كرد و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕێككەوتنی ئەمنی تایبەت بە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق واژۆ كرد.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێكیدا دەڵێت: ڕێكەوتننامەكە بۆ “پاراستنی سنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵاتە” بەبێ ئاماژەكردن بە پرسی چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام سەرچاوەیەكی عێراقی بەشدار لە واژۆكردنەكە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە “حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە ڕێگە نەدات هێزە چەكدارەكان خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.”

هەفتەی ڕابردوو نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، رایگەیاند، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ چەككردن و داخستنی بارەگاكای حزبە كوردییەكان.

نازم دەباغ هۆشیاریدا لە لاوازبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند، ” وەكو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم ئاگاداری رووداو و پەیامەكان نین و دابڕاوین.”

هەوڵەكانی ئێران بۆ داخستنی بنكەو بارەگای پارتە كوردییەكان لەكاتێكدایە، ساڵی رابردوو بنكەو بارەگاكانی دیموكرات و كۆمەڵە و پارتی ئازادی لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و كەركوك لەلایەن ئێرانەوە چەندین جار مووشەكباران كران و بەو هۆیەشەوە 22 كەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیانی دیكە برینداربوون.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان، رایگەیاند، “وەكو هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات، خواستی چەك دانانمان نییە، بەڵام بارگرانی لەسەر هەرێم لادەبەین و هێزەكانمان دەبەینەوە قوڵایی رۆژهەڵاتی كوردستان.”

سەرباری فشارەكانی ئێران لەسەر عێراق و هەرێم، بەڵام پارتە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران هەرچەندە ئاگادارن لە جموجۆڵە هەرێمایەتییەكان لە دژیان، بەڵام جەخت لەسەر ئەوەدەكەنەوە هێشتا بەفەڕمی پێیانڕانەگەیەندراوە چەك دابنێن و بارەگاكیان دابخەن.

عەتا سەقزی، وتەبێژی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتكێشانی كوردستان، رایگەیاند”ئاگادارین قسە لەسەر داخستنی بنكەو بارەگاكانمان كراوە، بەڵام بەفەرمی پێمان نەگوتراوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك چەك دانانێین.”

دەشڵێت “ئەگەر فشاری چەك دانانمان لێكرا، ئەوكات خەباتمان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، چونكە چەك دانان هێڵی سوورە و ئەو هەموو پێشمەرگە كۆنترۆڵ ناكرێت.”

یەكێتی و پارتی لەسەر كورسی پێكهاتەكان كۆدەبنەوە
پێت یەكێتی و پارتی لەسەر كورسی پێكهاتەكان كۆدەبنەوە
ترەمپ دادگایی كرا
دوات ترەمپ دادگایی كرا
پەیوەنیدر