مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبارەی هەناردەكردنی نەوت، لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دەستخۆشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەکات.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا مەسعود بارزانی (واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوت)ـی بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسف كرد و سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ هەوڵەكانی لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی ئەو رێككەوتنە گرنگە.
وتیشی: ئەگەر نیازپاكی و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بە دڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان و مومكین دەبێت و هیواشی خواست كە ئەو رێككەوتنە ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق.