بەهۆی ئەوەی شایستەی داراییان پێنەدراوە كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان لە سنووری سلێمانی بایكۆتی كارەكەیان كرد و ڕایانگەیاند، چیتر ناتوانین لە دابینكردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەكانی دیكەی سلێمانی بەردەوامبین.
نزیكەی سێ ساڵە شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان لە سنووری سلێمانی لەلایەن حكومەتەوە نەدراوە كە بە ملیاران دینار دەخەمڵێندرێت.
ژیوار عەبدولڕەحمان، نوێنەری كۆمپانیاكانی دەرمان لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بە نەخۆشخانەی هیوا و تەندروستی سلێمانی و نەخۆشان ڕادەگەیەنین كە چیتر ناتوانین دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی هیوا و سەرجەم نەخۆشخانەكانی دیكەی سلێمانی دابین بكەین.
ئەو نوێنەرەی كۆمپانیاكانی دەرمان هۆكاری ئەو دۆخەی بۆ دابین نەكردنی شایستە داراییەكانیان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە دەگەڕێنێتەوە كە وەكو خۆی دەڵێت، “نزیكەی سێ ساڵە ئەو شایستەیەیان بۆ دابین نەكراوە، ئەگەریش دابین كرابێت تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك بووە و ڕێژەكەشی ئەوەندە كەمە بە بەراورد بەو بڕەی خەرجمان كردووە هیچ نییە”.
دەشڵێت، چەند كۆمپانیایەك تەنانەت توانای دابینكردنی مووچەی كارمەندەكانیشیان نییە، بۆیە داواكارین زۆر بەزوویی شایستە داراییەكانمان پێبدرێت.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، دەرمانەكانی نەخۆشخانەی هیوا نرخیان بەرزە لەبەر ئەوە ساڵانە ملیاران دینار تێدەپەڕێنێت.
گرفتی نەمان و كەمی دەرمان و بایكۆتی كۆمپانیاكانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و حكومەتیش شایستە داراییەكان دابین ناكات، ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی چەندین نەخۆش بەتایبەت نەخۆشانی شێرپەنجە دروستدەكات.