گڕکانی فوجی، لەچاوەڕوانی تەقینەوەدایە



ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بێت، چیای پیرۆز کە بە گڕکانی فوجی ناسراوە بتەقێتەوە، چیرۆکی “گڕکانی فوجی” چییە و حکومەتی ژاپۆن چۆن خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتێکی لەو جۆرە ئامادە دەکات؟

 

لە ئێستادا، هۆش و ئاگایی جیهانیان، بە بوومەلەرزەوە سەرقاڵە کە وەک یەکێک لە دیاردە سروشتییە مەترسیدارەکان بۆ سەر ژیانی مرۆڤ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەرکەوتووە و لە هەندێک وڵات و ناوچە زیانی بێ ئەندازەی گیانی و ماڵی داوە، لەم سەروبەندەشدا، ژاپۆن ئێستا سەرقاڵی جۆرێکی دیکە لە بەرەنگار بوونەوەی کارەساتە سروشتییەکانە و بەرنامەرێژی دەکات بۆ هەر ئەگەرێک کە بێتە پێش، ئەویش مەترسی تەقینەوەی گڕکانی فوجی یە.

 

لێرەدا باس لە ئەگەری تەقینەوەی گڕکانی بەناوبانگی چیای فوجی دەکەین ، کە بە “چیای پیرۆز” ناسراوە.

 

هەرچەندە تەقینەوەی ئەم گڕکانە بۆ ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ژاپۆن ترسیان لە ئەگەری دووبارە تەقینەوەی هەیە لە سەردەمی نوێدا.

 

گڕکانی فوجی کە دەکەوێتە لوتکەی چیاکە، بە بەرزترین خاڵ لە تەواوی ژاپۆن دا، دادەنرێت، لە چەند گڕکانێکی سەریەککەوتوو پێکهاتووە.

 

بنەچەی وشەی فوجی لە زمانی ژاپۆنیدا بە مانای “چیای ئاگر” دێت، جێیەکی پیرۆزە لەلای ژاپۆنییەکان، بەو پێیەی یەکێک لە مەزهەبە ئاینییەکان پێی وایە چیاکە “ ڕۆح”ی تێدا بەرجەستەیە، هەروەها بە مەزارگە و پەرستگا دەورە دراوە و سەرکەوتن بەسەریدا یەکێک لە دیارترین نەریت و ڕێوڕەسمی ئاینیی زۆرینەی ژاپۆنییەکانە.

 

بەپێی مێژووی دەماو دەمی ژاپۆنییەکان، ئەم چیایە لەسەر بنکەیەک دروست بووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.

 

گڕکانی فوجی لە کاتی جیاوازدا چەند جارێک تەقیوەتەوە کە نزیکەی ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆش وەک گڕکانێکی چالاک ماوەتەوە.

 

دوایین تەقینەوەی گڕکانی فوجی دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٧٠٧ کە ئەم تەقینەوەیە سەدان تۆن ماددەی گڕکانی ڕەق و گازە گڕکانەکانی دەرپەڕاند.

 

بەپێی زانیارییەکانی ناشناڵجۆگرافیک، لە ساڵی ١٧٠٧ دا، ماوەی بەردەوامی گڕکانەکە ١٦ ڕۆژی خایاندووە، ئەو ماددە ڕەقانەی کە لە گڕکانەکەوە دەهاتنە دەر تەواوی شاری ئیدۆی گرتووەتەوە،(شاری کۆنی ئیدۆ ئەمڕۆ بەشێکی ناوەندی تۆکیۆیە).

 

ناشناڵجۆگرافیک، دەڵێت؛ پێش ئەم تەقینەوە ترسناکەی گڕکانەکە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویداوە، کە زاناکان گوڕەکەیان بە ٨.٦ پلە بە پێوەرەکانی ڕێختەر مەزەندە کردووە.

 

ئەستەمە بۆ شارەزایان بتوانن ژمارەی گیانلەدەستدان بە هۆی تەقینەوەکە لە ساڵی ١٧٠٧ دیاری بکەن، بەڵام زانراوە کە بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان، نەک تەنها کاریگەری لەسەر خەڵک و ماڵەکان هەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی هەرێمەکە هەبووە و بەهۆی ئەو برسێتییەی کە وڵاتەکەی گرتەوە دوای تەقینەوەی گڕکانی فوجی ژمارەیەکی زۆر لە ژاپۆنییەکان گیانیان لەدەستداوە.

 

ئێستا، حکومەتی ژاپۆنی ترسی لە دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی هاوشێوەی ساڵی ١٧٠٧ هەیە، بۆیە پێشوەختە چەند ڕێوشوێنێکی گرتۆتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر ژیانی ژاپۆنییەکان هەبێت لە ئەگەری دووبارە تەقینەوەی گڕکانەکە لە سەردەمی نوێدا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە حکومییەکان، ڕەنگە تەقینەوەی گڕکانی فوجی ببێتە هۆی داخستنی تەواوەتی شاری تۆکیۆ و پەکخستنی هەموو لایەنەکانی ژیان، هەروەها لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕەنگە خۆڵەمێشی تەقینەوەی گڕکانەکە تۆکیۆ دابپۆشێت، هاتووچۆی هێڵەکانی شەمەندەفەر بووەستن، ئەگەر تەقینەوەی گڕکانەکە هاوکات بێت لەگەڵ بارانبارین دا، ئەوا پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و پچڕانی هێڵە شەمەندەفەرە کارەباییەکانی میترۆ و پەمپەکانی ئاویی بەدوادا دێت.

 

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بارستەبوونی ٣٠ سانتیمەتر خۆڵەمێش لەگەڵ باران چینێکی ئەستوور و قورس دروست دەکات کە سەقفی خانووەکان دادەڕمێنێت، بۆیە دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی چیای فوجی پلانێکی چۆڵکردنی ڕاگەیاندووە، کە لە ئەگەری تەقینەوەکەدا ژیانی دانیشتووان ڕزگار دەکات، بەپێی بەشێکی پلانەکە دەبێت هاووڵاتیان و نیشتەجێیانی نزیک ناوچەی گرکانەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، بە پێ خۆیان دەرباز بکەن و ڕێ نادرێت ئۆتۆمبێل بەکاربهێنرێت ئەمەش بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆی هاتووچۆ و خنکانی رێگاو بانەکان.

عەرەب و مەسیحییەكان بەشداری پێشمەرگەی كوردستان دەكەن
پێت عەرەب و مەسیحییەكان بەشداری پێشمەرگەی كوردستان دەكەن
كۆمپانیاكانی دەرمان: ناتوانین دەرمان دابین بكەین
دوات كۆمپانیاكانی دەرمان: ناتوانین دەرمان دابین بكەین
پەیوەنیدر