ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرد و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت، پڕۆژەكە دوو قۆناغی سەختی ماوە هەتاكو ببێتە یاسا.
سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە كۆبونەوەی شەوی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كرا و دوای خوێندنەوەی دووەم وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت.
وتیشی، پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی لیژنەی پەیوەندیدار كرا بۆ خوێندنەوەی دووەم كە گفتوگۆی پرۆژە یاساكە دەكرێت، بەهیوای ئەوەی بەبێ گرفت ئەم پرۆژە یاسایە دوای خوێندنەوەی دووەم دەنگی لەسەر بدرێت.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لە ئێستادا یەكێك لە فراكسیۆنە شیعیەكان داوایكردووە سێ قەزای دیكەی عێراق بكرێن بە پارێزگا گوایە ساڵی 2014 ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بە پارێزگابوونیانی دەركردووە، ئەوانیش بریتین لە قەزاكانی تەلەعفەر لە نەینەوا و فاو لە بەسڕە و خورماتوش لە سەڵاحەدین.
وتیشی ئەوە یەكێكە لەو گرفتانەی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەیەو دەترسین داوا بكرێت هەموویان بكرێنە پاكێجێك.
ئەو پەڕلەمانتارەی عێراق دەشڵێت، ئێستا پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دوو قۆناغی سەختی ماوە هەتاكو ببێتە یاسا، ئەوانیش ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم و دەنگدانە بە پڕۆژە یاساكە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێت بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق.