بەربژێری هاوپەیمانی كۆمار و سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هێرشەكانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا و كورد بەردەوامە، دەڵێت “بەربژێری هاوپەیمانی میللەت كەمال كلچدار ئۆغلۆ بە تەمای ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاشە”.
ئەردۆغان دەڵێت “(كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا) دەڵێت، ‘ئێمە هەر لەگەڵ گەیشتنمان ئەوانە (ئۆجەلان و دەمیرتاش) ئازاد دەكەین’. گەلەكەی من رێگەتان پێنادات”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە پرۆگرامی بەربانگكردنەوە كرد كە لەلایەن شارەوانیی باغجیلارەوە بۆ هاووڵاتییانی شارۆچكەكە رێكخرابوو لەوێ رایگەیاند “١٤ی ئایار گرنگییەكی زۆر گەورەی هەیە. ئێوە دۆخی هێزەكانی هاوپەیمانی كە ژمارەیان بۆ حەوت لایەن بەرزبووەتەوە دەبینن. بە دریژایی ساڵێك سەدان كۆبوونەوەیان ئەنجامدا بەڵام نەیانتوانی بەبێ دەمەقاڵێ، بەبێ ژاوەژاو بەربژێری سەرۆكایەتی كۆمار هەڵبژێرن”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە كرد كە هێشتا هاوپەیمانێتی میللەت هەر كە دەمیان دەكەنەوە باس لە رێگریگرتن، راگرتن و دەستكاریكردنی پرۆژە ستراتیژییەكانی وڵات دەكەن “ئێمەش وەكو هاوپەیمانێتی جمهور، بە كارەكانمان قسە دەكەین، یەك یەك پرۆژەكانی سەدەمان دەخەینە كار”.
ئەردۆغان گوتیشی:”لە پێناو ئەمە داواتان لێدەكەم رۆژی ١٤ی ئایار كە چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان زۆر بە وریاییەوە هەڵسوكەوت بكەن. ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی ئاسایی نابێت. پسوولەی دەنگدانەكە ئاسوودەیی دەبێت، گەشەپێدان دەبێت، سەقامگیری دەبێت”.