ناسر كینانی پسپۆڕی ئابووری، پێشبینی دەكات نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام بێت و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتووشدا بگاتە نرخی فەرمی.
كینانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”دۆلار سات لە دوای سات ڕوو لە دابەزین دەكات، هۆكاریی ئەمەش بۆ فرۆشتن بڕێكی زۆری دراوەكە دەگەڕێتەوە لەلایەن بانكی ناوەندی، وێڕای ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن حكومەت و بانكی ناوەندییەوە گیراونەتەبەر”.
بە وتەی كینانی:”لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار زیاتر دابەزیت،بەجۆرێك نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا دەگاتە ئەو نرخە فەرمییەی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پەسەندكراوە و جێگیركراوە، بەمشێوەیە تەنگژەی دۆلار كۆتایی دێت و ئەوەی ماوە تەنیا كاتە”.
بانكی ناوەندی ڕۆژانە بڕێكی زۆری دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و ئەمڕۆش بانكەكە بڕی زیاتر لە 238 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، نرخی دراوەكەش لە بازاڕەكاندا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كرد، بەجۆرێك نرخی 100 دۆلار بۆ 151هەزار و 500 دینار ڕووی لە دابەزین كرد.