هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ترسی نەبوونی داهات بۆ مووچەی لە دڵی هاووڵاتیاندا دروستکرد، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت نەمازانی ئابوری سەربەخۆ بکەین.
ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، واتای نەبوونی داهاتە بۆ مووچە، واتا ئابوری سەربەخۆ سوودی بە هەرێمی کوردستان نەگەیاند و بووە هۆکاری دروستبوونی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر.
موسەنا ئەمین، ئەندام پەرلەمانی عێراق باس لە سوودی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەبێت.
خەڵك: ئابووری سەربەخۆ سەرکەوتوو؟
موسەنا ئەمین: ئێمە نەمانزانی ئابووری سەربەخۆ بکەین، کە دەوڵەت نەبین دەبێت بنەمای دەستوری بۆ گرێبەست هەبێت، بەڵام ئێمە نیمانە و مامەڵەی گرێبەستە ٥٠ ساڵییەکە دەستوری نییە، ئەگەر ئەوان بیانتوانیایە ئابووریەکی سەربەخۆ بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن، بەشێک لەو ئابووریەش بریتی بوایە لە سەربەخۆ مامەڵەکردن بە نەوت، ئەو کاتە ئابووری سەربەخۆ سەرکەوتوودەبوو، بەڵام نەوت بووە مایەی بڕینی نانی خەڵك، کێشە لەگەڵ بەغدا، کەمبوونەوەی بودجەیەی و وەستانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، هۆکارەکەشی ئەوەبوو ئەم نەوتە هەڕاج دەکرا، تاڵاندەکرا، بەشێکی زۆر کەمی دەگەڕایەوە وەزارەتی دارای و ئابوری، کە دەیانوت بەشی مووچە و بودجە و پڕۆژە ناکات.
خەڵك: ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لە بەرژەوەندی کێیە؟
موسەنا ئەمین: چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەرژەوەندییە بۆ خەڵكی هەرێم، نەک تەنها مووچە و بودجە، بەڵکو قەرەبووی زیاندانیانی سیاسی، شەهیدان، ئەنفال و جینۆساید، پێشتر هەر داوایەکمان بۆ خەڵک دەکرد، دەیانوت خۆتان نەوت دەفرۆشن خۆتان دابینی بکەین، نەمان دەتوانی خزمەتی خەڵك بکەین، بەڵام ئێستا ئەم بەربەستانە هەڵدەگیرێت حکومەتی ناوەندی ناتوانێت خۆی بدزێتەوە لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
خەڵك: شەفاف بوونی داهاتی نەوت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە؟
موسەنا ئەمین: ئیتر هەردوو حکومەت ناتوانن خۆیان لە پێداویستیەکانی خەڵك دزنەوە، هەرێمی کوردستان بڵێت داهاتەکە کەمە، بەغداش بڵێت خۆتان نەوت دەفرۆشن و خۆتان بڕۆن خزمەتی هاووڵاتیانتان بکەن، ئەگەر نەوت لە ڕێی سۆمۆ بفرۆشرێت، خەڵك ئەم کێشانەی لە کۆڵدەبێتەوە، بۆیە دەبێت هەرێم و بەغدا بە هەر جۆرێک بێت ڕێککەوتن بکەن، بەپێی ڕێککەوتنەکەش بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئامادەبکرێت، ئەو نەوتەی کە هەرێم هەناردەی دەکات چاودێری دەکرێت، دەستکەوکەشی شەفاف دەبێت، تا ئێمەش لە بەغدا بتوانین داکۆکی لە مافەکانی خەڵك بکەن، بودجەیەکی زیاتر بۆ خەڵك بەدەستبهێنین.
خەڵك: ئایا کێشە بۆ نەبوونی داهات بۆ مووچە دروست دەبێت؟
موسەنا ئەمین: مادەم حکومەتی عێراق بووەتە هۆکاری ڕاگرتنی ئەو نەوتە، وە ئەو نەوتەش سەرچاوەی بودجە و داهاتی هەرێمە، دەبێت حکومەتی عێراق خۆی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە.