محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان دەڵێت بڕیارەكانی دادگای پاریس و فیدڕاڵی عێراق ڕێگا لە كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی ناگرن.
محەمەدی حاجی مەحموود دەڵێت “لای ھەموان ئاشكرایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە ھەڵایەك دروست بووە لەسەر بڕیاری دادگایەك لە پاریس پەیوەست بە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان. بڕیارەكە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە، ھەندێك كە خەون بە سەردەمی سەدام و دیكتاتۆریەتەوە دەبینن بێئاگایانە ڕەزامەندن بە حوكمی ناوەند، ھەندێك داخ لە دڵ و ھەناو ڕەشیش وەك تابوری پێنج دەستیانكردووە بە جوینەوەی پڕوپاگەندەی دوژمنان دژی كورد و گەلی كوردستان، خەون و خولیایان نەمان و داڕوخانی قەوارەی سیاسی ھەرێمە و ئاو بە ئاشی دوژمناندا دەكەن”.
دەشڵێت “سەرانی عێراق ڕەنگە بیریان چوبێت كە حكومەتەكانی قاسم و عەبدول سەلام عارف و عەبدول ڕەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حسێن كە دژی خەڵكی كوردستان بوون چارەنوسیان بەكوێ گەیشت!”.
هەروەها دەڵێت “دادگای پاریس و دادگای بەغدای عەرەبی بەشوێن پێكانی پیلانگێڕییەكانی دیكەی ڕابردوودا ھەنگاو دەنێن و دژی گەلی كوردستان بڕیار دەدەن”.
روونیشیكردەوە “هەموو ئەو پەیماننامە و ڕێكەوتنانە بە ئەنفال و چەكی كیمیایی و وێرانكردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ گوند و شارۆچكەی كوردستانیشەوە نەیانتوانی ببنە لەمپەر لەسەر شا ڕێگای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان و تێكۆشانەكەمان سەرئەنجامەكەی ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ و ڕووخانی قەڵای ستەمی بەعسییەكان بوو لە ٢٠٠٣/٤/٩ دا.
بۆیە نە ئەم هاش و هوشە و نە هیچ بڕیار و هاوپەیمانییەك ناتوانێت ڕێگا لە كورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكەی بگرێت”.
ئاماژە بەوەش دەكات “قەوارەی سیاسی هەرێم، قەوارەیەكی دەستووری و شەرعی و جەماوەری و نەتەوەییە، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدی پێشمەرگە و هاوڵاتی و كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گۆپتەپە و قەڵا سێوكە و بادینان و بارزانییەكان و دۆڵی جافایەتی و سەردەشت و قوربانییەكانی ترە”.