دۆلاری ئەمریکی  و یوانی چینی… کامیان کۆتای بە ئەوی دیکە دەهێنێت؟



 

ڕێککەوتنی ئەم دواییەی چین و بەرازیل تیشک دەخاتە سەر پرسی دەستبەرداربوونی کۆمەڵێک وڵات لە دۆلاری ئەمریکی لە پەیوەندییە بازرگانییە دووقۆڵییەکان، و بەکارهێنانی دراوە ناوخۆییەکانیان.

 

ئەمە چیتر تەنها دیاردەیەک یان ڕووداوێکی ناوازە نییە، بەو پێیەی هەوڵێکی ڕوون لەلایەن پەکین و وڵاتانی دیکەوە هەیە بۆ وازهێنان لە دۆلار، کە تەحەدایەکی گەورە بۆ ئابووری ئەمریکا دروست دەکات.

 

ڕێککەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ بەرازیل ڕێگە بە چین دەدات کە گەورەترین ڕکابەری هەژموونی ئابووری ئەمریکایە و بەرازیل کە گەورەترین ئابووری ئەمریکای لاتینە، ڕاستەوخۆ گرێبەستە بازرگانییە بەرفراوانەکانیان ئەنجام بدەن و یوانی چینی بگۆڕنەوە، لەبری ئەوەی پشت بە دۆلار ببەستێت.

 

سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢ بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون، وایکردووە زۆرێک لە وڵاتان بیر لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دراوی ئەمریکایی بکەنەوە.

 

لە سەرەتای شەڕەکەدا، وەک هەمووان لەبیریانە، ڕووسیا ئەو وڵاتانەی ناچارکرد کە بە “نادۆست” ناوی بردوون، پارەی وزەی خۆیان لە ڕووی غاز و نەوتەوە بە ڕۆبڵی ڕووسی بدەن.

 

ڕووسیا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە بەتەواوی دەستبەرداری دۆلار دەبێت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانیدا.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی بلومبێرگ، لانیکەم ١٢ وڵات لە ئەمریکای باشوور دەستیان کردووە بە هەوڵەکانیان بۆ وازهێنان لە دۆلار.

 

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، ڕایگەیاندبوو؛ وڵاتەکەی کراوەیە بۆ بیرۆکەی بازرگانی بە دراوی تر جگە لە دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ چینیش لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی دۆلار بە یوان بگۆڕێت.

 

لە ئێستادا، چین وازی لە مامەڵەکانی بە دۆلار لەگەڵ ڕووسیا و پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە هێناوە.

 

وڵاتانی وەک بەنگلادیش، کازاخستان و لائۆس دانوستانەکانیان لەگەڵ چین چڕترکردەوە بۆ پەرەپێدانی بەکارهێنانی یوانی چینی لە مامەڵە بازرگانییەکانیان، هیندستانیش چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیکرد بە دەستەبەرکردنی میکانیزمێکی دوولایەنەی پارەدان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە ڕوپیەی هیندی.

 

بزوێنەری سەرەکی ئەم پلانانە سزاکانی ڕۆژئاوایە بۆ سەر مۆسکۆ و هەنگاوی ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ دابڕانی ڕووسیا لە سیستمی دارایی جیهانی ناسراو بە سویفت لە دوای شەڕی ئۆکراین، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە دۆلار بۆ هەمیشەیی ببێتە ئامرازێکی سیاسی.

 

هەروەها بڕیاری ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی دراوەکەی وەک چەکێکی سیاسی و ئابووری، فشارەکانی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتانەی ئاسیا زیادکردووە کە سیستمی پارەدانی بەدیلیان نییە، ئەمەش ئەو وڵاتانە دەخاتە بەردەم مەترسی ئەوەی ناچاربن پابەندبن، بە هەر ئەگەرێکیشەوە سزاکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی لەدەستدانی بازرگانییان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.

 

کاتێک شی جینپینگ سەرەتای ئەم مانگە سەردانی مۆسکۆی کرد و چاوی بە پوتین کەوت، ، وتی “جیهان وەک ئەوەی لە ١٠٠ ساڵدا ڕووی نەدابێت دەگۆڕێت، ئێمە (پەکین و مۆسکۆ) سەرکردایەتی ئەم گۆڕانکارییە دەکەین”.

 

هەرچەندە کرێملین هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو قسانەی شی نەدا، بەڵام میدیاکان باسیان لەوە کرد کە ئەو قسانەی شی ناردنی پەیامێکی سیاسی بووە بۆ ئەمریکا و دراوەکەی.

 

لای خۆیانەوە ئەمریکییەکان هەوڵی چینییەکان بۆ دانانی یوان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک بەدیلێک بۆ دۆلار، بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانن.

مۆنیکا کرۆلی، یاریدەدەری پێشووی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، وازهێنان لە دۆلاری ئابوورییە تازەپێگەیشتوەکان “کارەساتبار دەبێت بۆ ئابووری ئەمریکا”.

 

کرۆلی دەشڵێت، دۆلار لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەلامەتترین دراو بووە، کە بە سێ شت پاڵپشتی کراوە:

زێڕ؛ کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن وازی لێهێنا.

ئابووری بەهێزی ئەمریکا.

هەموو ئاڵوگۆڕەکانی نەوت بە دۆلار.

پێدەچێت سعودیە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ وتەکانی کرۆلی بگێڕێت، کە پێی وایە ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕانە بە دۆلار کۆتایی پێبێت، ئەوا ئەمە بە مانای کۆتایی سەردەمی دۆلاری ئەمریکی دێت.

 

کرۆلی ڕەخنە لە سیاسەتی ئابووری و دارایی ئەمریکا دەگرێت، بەو پێیەی ئەمریکا “دۆلاری بە شێوەیەکی شێتانە” چاپ کردووە و دەڵێت، لە ئێستادا وڵاتەکەی ڕووبەڕووی زریانێکی ئابووری بووەتەوە.

 

کرۆلی دەشڵێت، ئەگەر سعودیە ڕازی بوو بە وازهێنان لە دۆلار لە بازرگانی نەوتدا، ئەمریکا شاهیدی “بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان” دەبێت.

مۆبایلەکانمان بەشێوەیەکی ئاڵۆز سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکەن
پێت مۆبایلەکانمان بەشێوەیەکی ئاڵۆز سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکەن
قیڕوسیا له‌وه‌ی ئێمه‌ برسی ده‌بین!
دوات قیڕوسیا له‌وه‌ی ئێمه‌ برسی ده‌بین!
پەیوەنیدر