پلانی چارەسەری گرانی گۆشت چییە؟
ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی گۆشتی سوور بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە بەڕادەیەك نرخی كیلۆیەك گۆشت لە بازاڕەكانی هەرێم گەیشتووەتە نزیكەی 22 هەزار دینار، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە.
بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی ئەو نرخە، پزیشكێكی ڤێتێرنەری چەند ڕێگاچارەیەك دەخاتەڕوو.
شاڵاو عارف، سەرۆكی ڕێكخراوی ڤێتێرنەری لەپێناو ژیان، كە هاوكات بەڕێوەبەری كوشتارگەی سلێمانییە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت دەرئەنجامی چاوەڕوانكراوی پاشەكشەی سامانی ئاژەڵ بوو لە كوردستاندا، ئەم پاشەكشەیە پەیوەستە بە بوونی مەترسی لە سەر چەمكێك كە ساڵانێكە كۆمەڵگەی كوردی بە دەستییەوە دەناڵێنێت ئەویش چەمكی ئاسایشی خۆراكە .
دەشڵێت، ئاسایشی خۆراك ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتیمانی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بڕیاری سیاسی و سەروەریی وڵات.
لەبارەی ئەوەی ئایا بڕی ئەو گۆشتەی هەیە پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە؟ شاڵاو عارف، دەڵێت، دەتوانین بڵێین ئاژەڵ و بەروبوومی ئاژەڵداری ٤٠%ی پێداویستی بازاڕ پڕ دەكاتەوە.
سەبارەت بە چارەسەری گرانی نرخی گۆشت دەڵێت، چارەسەری ئەم دیاردەی گرانی گۆشتە لە بازاڕ كە عێراقی گرتووەتەوە بە گشتی پەیوەستە بە :
١-دانانی ئامارێكی ڕاستی و زانستی سامانی ئاژەڵ لە هەرێم.
٢- پلانی بەپەلەو كورتمەودا لە هاوردەكردنی ئاژەڵ بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی جیهانی O.I.E لە سەرچاوەی نوێ نەك ڕابردوو هاوكات كەرەنتینەكردنی زانستی لە خاڵە سنورییەكان بۆ دڵنیابوون لە ڕێگری نەخۆشییە گوازراوەكان.
٣- داڕشتن و جێبەجێكردنی ستراتیژی حكومی بۆ بوژاندنەوەی سامانی ئاژەڵ بەجۆرێك هەرێم لە هاوردە بۆ دۆخی وڵاتێكی هەناردە بگوازێتەوە .
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، باشترین و زانستیترین ستراتیژ ، جێبەجێكردنی سیستمی بایۆیە لە پەروەردەی كێڵگەیی، ئامانجی ئەم ستراتیژە، ئابووری و تەندروستییە .
سود و ئامانجە تەندروستییەكانی ئەو ستراتیجە ئەوەیە كە پشت بە دەرمان و خۆراكی ناتەندروست نابەستێت.
سوود و ئامانجە ئابوورییەكان بریتین لە:
* لە ماوەی ٧ ساڵدا بەرهەمی گۆشتی ڕانی ٣٠٠ سەر ئاژەڵ دەگاتە ٩٥ تۆن.
* ڕێژەی ئاوسبوون دەگاتە ٩٠%.
* بەرهەمهێنانی وەجبەیەك لە ڕووی گۆشت و شیر بۆ دوو هێندە.
* لە ماوەی ٢٤ مانگ ٣ جار ئاژەڵ وەچە دەخاتەوە.
* دروستبوونی زنجیرەی ئاژەڵی كوردی كە بەرگری بۆ نەخۆشی و كەشوهەوا بەرز بێت.
* بەرهەمهێنانی تۆوێك كە لەكاتی پیتاندنیدا، وەچەی دوانە پێكبهێنێت.
دەشڵێت، بەجێبەجێكردنی ئەم پلانە ، كەرتی ئاژەڵداری بەرەو پیشەسازی هەنگاو دەنێت، ئەمە جگە لە دەستەبەركردنی هەزاران هەلی كار.