شارەزایەكی ئایینی، كە هاوكات پسپۆڕی بواری زێڕە داوا لیژنەی فەتوای هەرێم دەكات پێداچوونەوە لە “نیصابی زەكات” بكەن و دەڵێت: “ئەو بڕەی دیارییان كردووە كەمە و بەپێی نرخی زێڕ دەبێت زیاتربێت.
لیژنەی فەتوای هەرێم لە بەیاننامەیەكدا بڕی زەكات و سەرفیترەی بۆ ئەمساڵ دیاریكرد، كە بۆ هەر كەسێك سەرفیترە 3 هەزار و 500 دینارە و هەروەها بۆ زەكاتیش لە 7 ملیۆن و 200 هەزار دینارەوە كە ساڵی بەسەردا ڕۆیشتبێت بۆ هەر ملیۆنێك بڕی 25 هەزار دینارە.
دانا وەرتی، دەرچووی كۆلێژی شەریعەی ئیسلامی و پسپۆڕی بواری زێڕ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو نیصابەی دیاریکراوە بۆ زەکات کە 7 ملیۆن و 200 هەزار دینارە هەڵەیە وهیوادارم مامۆستایانی لیژنەی فەتوا چاکی بکەنەوە، چونكە بەکاتی ئێستا نیصابی زەکات 8 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر کەسێك پارەی نزیکەی ۱۹ مسقاڵ و نیوی هەبێ یاخود ئەوەندە زێڕەی هەبێ ئەبێ بە حیسابی کڕینەوە واتە بەچەند زێڕنگەر لێت ئەکڕێتەوە حیسابی ئەکەیت، كە بۆ ئێستا (8 ملیۆن و 300 هەزار دینارە) و دەبێت 208 هەزار دینار زەكات بدەیت.
جەختیشی كردەوە، ئەم نرخ و نیصابە بە ڕۆژ گۆڕانکاری بەسەردادێ بەپێی نرخی زێڕ.