بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێك بۆ موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر دەنێرێت و دەڵێت”بۆچی ئێمەت خستە دەستی ئەم جەماعەتەوە”.
پەنگین ڕێكانی بەرپرسی پارتی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆندا بە سەدری ڕاگەیاند:”بۆچی ئێمەت جێهێشت بۆ ئەم جەماعەتە”.
بە وتەی ڕێكانی:”ڕێگەچارەی باشتر هەبوو لەم بابەتەدا، سەدر دەيتوانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە 5 وەزارەت ڕازی بكات، هاوپەیمانی ڕزگاركردنی نیشتمان لە پەرلەماندا 180 پەرلەمانتاری هەبوو، دەیتوانی هەر یاسایەك دابڕێژێت كە دەیەوێت، لەگەڵ ئەمەشدا دەبووە خاوەنی پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك وەزیران، سەرۆك كۆمار، و 15 وەزیر لە ئەنجومەنی وەزیران و دەیتوانی هەموو ئەو كارانە ڕایی بكات كە دەیەوێت”.
بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت:”دەكرا پێكەوە كاروانەكە تەواو بكەین، بەڵام ئەوان پاشەكشەیان كرد”.
پەنگین ڕێكانی ئاماژەی بە گریمانەی دووەم كردووە گەر سەدر هاوپەیمانی ڕزگاركردنی نیشتمانی بهێشتایەتەوە، “دەكرا بە 10 خولەك لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لێكتێگەیشتن بكات و بە زۆرینەی ڕەها پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە”.
هاوپەیمانی ڕزگاركردنی نیشتمان (انقاذ وطن) لەلایەن پارتی و ڕەوتی سەدر و سوننەكانەوە لە دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 پێكهێنرا، بەڵام لە دوای كێشمەكێشێكی زۆر لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەوتی سەدر لە هاوپەیمانییەكە و لە پەرلەمان و تەواوی پرۆسەی سياسى پاشەكشەی كرد و ڕێگەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی خۆش كرد، حكومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی پێكبهێنێت.