کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی ئاشكرای دەكات، سبەینێ پێوەری خوێندنەوەی پێدانی كارەبای مۆلیدە بە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.
مانگانە، لە كۆتایی مانگدا پێوەری خوێندنەوەی پێدانی كارەبای مۆلیدە بە هاووڵاتیان وەردەگیرێت و لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كارەبا و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی ئابووری نرخی ئەو مانگەی ئەمپێری مۆلیدە بە پشت بەستن بە نرخی گاز لە بازاڕدا دیاری دەكرێت.
کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ پێنچ شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی٣ی٢٠٢٣ (پێوەری) کارکردنی مۆلیدەکان وەردەگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە، داوا لە ئێش پێکەری مۆلیدەکان دەکەین لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی لای مۆلیدەکان بن.
بەپێی نرخی گاز لە بازاڕدا، كە ئێستا دابەزیوە بۆ خوار 900 دینار بۆ لیترێك و هەروەها بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی كارەبای هەرێم، كە “ڕۆژانە 18 بۆ 19 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان” بەو پێیەش نزیكەی 6 كاتژمێر كارەبای مۆلیدە دەدرێت و مانگەكەش دەكاتە نزیكەی 180 كاتژمێر، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدە نزیكەی 9 بۆ 10 هەزار دینار دەبێت.