ئەردۆغان لەلێواری گۆڕەوە هانا بۆ ئەسەدی نەیارە سەرسەختەكەی دەبات
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان لە ئەنقەرە پایتەختی توركیاوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پلانی داناوە بۆ كشانەوەی سووپای توركیا لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بۆ ڕازیكردنی دڵی بەشار ئەسەد نەیارە سەرسەختەكەی دوازدە ساڵی ڕابردووی بە ئامانجی ئاشتبوونەوە.
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان دەڵێن، ئەردۆغان لە ڕەوشێكی خراپدایە، بەپێی زۆرینەی ڕاپرسییەكان لە هەڵبژاردنەكانی 14ی ئایاردا لەبەرامبەر ڕكابەرەكەی كەمال كلچدار ئۆغلۆدا شكستدەهێنێت.
بە پێی سەرچاوەكان، ئەردۆغان لەهەوڵدایە هەرچۆنێك بێت پێش 14ی ئایار ئاشتبوونەوەیەك لەگەڵ بەشار ئەسەد بكات تا وەك كەرەستەیەكی هەڵبژاردن كەڵكی لێوەربگرێت.
ئەردۆغان پێشتر چەند جارێك داوای كۆبوونەوەی لە ئەسەد كردبوو، بەڵام ئەسەد ڕەتیكردبووەوە لەپێش هەڵبژاردنەكاندا لەگەڵ ئەردۆغان كۆببێتەوە، تا نەبێتە كەرەستەیەكی هەڵبژاردن.
ئێستا ئەسەد مەرجی كشانەوەی سووپای توركیا لە باكووری وڵاتەكەی كردووەتە مەرجی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغاندا، ئەوەش وەك پێشمەرجێكی قورس لێكدەدرێتەوە، بەڵام خراپی ڕەوشی ئەردۆغان و گەیشتنی بە لێواری مەرگ خەریكە ئەو مەرجەش جێبەجێبكات.
ئەردۆغان نەیارە سەرسەختەكەی ئەسەد بووە لە ماوەی زۆرتر لە دوازدە ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین پشتیوانی گرووپە چەكدارە توندڕۆ و تیرۆرستییەكانی نەیاری دیمەشقی كردووە.
بە ڕای شارەزایانی كاروباری توركیا، ئەسەد كاتێك دەبینێت ئەردۆغان خەریكە لەلێواری مەرگ نزیك دەبێتەوە و ڕكابەرەكەشی كلچدار ئۆغلۆ بەڵێنی كشانەوەی سووپای توركیای بەئەسەد لە سووریا داوە، بۆیە لە ئێستا بەدووردەزانرێت رۆڵ لە ڕزگاركردنی ئەردۆغاندا ببینێت، كە خواستەكانی لەلایەن ئۆغلۆوە بەدیبهێنرێت.
لەئەو چوارچێوەیەدا ڕووسیاش لە هەوڵەكانی بۆ ئاشتبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان بەردەوامە.
كاربەدەستانی توركی و ئێرانی دەڵێن لە مانگی داهاتوودا جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، توركیا، ئێران و سووریا لە مۆسكۆ كۆدەبنەوە بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی گفتووگۆكانی ئاشتبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە.
كاربەدەستێكی توركیا دەڵێت چاوەڕێدەكرێت كۆبوونەوەكان بەردەوامبن تا گەیشتن بە كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە.
لە مانگی دیسەمبەری ڕابردوودا مۆسكۆ میوانداری كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری سووریا و توركیای كرد.
كاربەدەستێكی گەورەی ئێرانی دەڵێت كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ لە هەفتەی یەكەمی مانگی نیسان دەبێـت.
سەرچاوەیەكی سووریایی دەڵێت: تا ئێستا وادەی كۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەكە دیارینەكراوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میكائیل بۆگدانۆڤ بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەكە لە مۆسكۆ لە سەرەتاكانی نیسان دەبێت.