قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی نیساندا و لە پارێزگای سلێمانی ڕێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرێت، وە کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا قائیمقامیەت بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی ئازار، لە دیوانی قائیمقامیەت، بە ئامادەبوونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتییەکانی ( چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابوری، تەندروستی و ڤیتێرنەری، کشتوکاڵی سلێمانی)، بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەكراودا، بە جۆرێک کە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری بکات، لەهەمانکاتیشدا و خواستی هاوڵاتیان و پێداویست بازار پربکاتەوە، هاوکات گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت، و لەو پێناوەشدا بریاردرا:
1. لە مانگی نیساندا و بە رەچاوکردنی لایەنی تەندروستی، کار ئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بەتایبەتی بەرخ.
2. لەپێناو پرکردنەوی خواستی هاووڵاتییان و رێگرییکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
3. دروستبوونی چەند لیژنەیەکی فەرعی لە قەزاو ناحیەکان کە بەدواداچوون بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن و لەژێر چاودێری بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵ لە پرۆژە و کێڵگە پەلەوەرییەکاندا جوجکە تێبکرێت و رێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.