لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دوو شەپۆلی نزمە پاڵەپەستۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرنەوە و بەهۆیەوە لەناوچە شاخاوییە بەرزەكان بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرماش نزیكەی 7 پلە نزم دەبنەوە.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی سەرما لە ناوچەكانی ئەوروپا و تێكەڵ بوونی لەگەڵ نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و لەنگەرگرتنی بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێشبینی دەكەین لە كۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێكی سەرما ناوچەكانمان بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا ڕێژەی جێگیربوونی بارستە هەوا ساردەكە 60% و ئەگەری هەندێك گۆڕانكاری هەیە تا كاتی گەیشتنی، بۆیە لەگەڵ جێگیربوونی و گەیشتنی ئەگەری بارینی بەفر لە لوتكەی ناوچە شاخاوییەكان هەیە و پلەكانی گەرماش 7 پلە دادەبەزن.
وتیشی، “لە ناو شارەكان پلەكانی گەرما دادەبەزن بۆ خوار -2 پلەی سیلیزی و بەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر كشتوكاڵ دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ كەم كردنەوەی زیانەكانی بۆ كشتوكاڵ ئەوەیە، كە ماوەی سەرماكە كورتخایەنە و زوو كۆتایی دێت”.