دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لە دۆسیەی پارەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیانی هەرێم، كە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر وەزارەتی بازرگانی هەرێم تۆماری كردووە دواخست.
لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی بارزگانی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵای لەسەر هەرێم تۆماركرد لەسەر ئەوەی پارەی 18 ساڵی ڕابردووی بەشەخۆراكی هاووڵاتیانی هەرێمی نەگەڕاندۆتەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی و داوای وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە دەكات، هەرچەندە لە ئێستادا هەردوو وەزارەت ڕێككەوتوون هەرێم مانگانە پارەی بەشەخۆراك بداتەوە بە عێراق و لەبەرامبەردا ئەوان تێچووی گواستنەوەی بەشەخۆراك و پاداشتی كارمەندانی كۆمپانیای خۆراك بدەن.
بەگوێرەی خشتەی كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێ شەممە 28ی ئادار، لە دۆسیەی پابەندكردنی هەرێمی كوردستان بە پێدانی پارەی فرۆشتنی ماددەكانی بەشەخۆراكخۆراك لە ماوەی 01-01-2004 تاوەكو 30-09-2021 كۆببێتەوە، بەڵام دادگاكە كۆبوونەوەكەی بۆ ڕۆژی 16ـی نیسان دواخست و ئەمە شەشەمین جارە سكاڵاكە دواخراوە.
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2022 وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق گەیشتنە ڕێككەوتن و بڕیاری دا لەو كاتە بەدواوە پارەی مانگانەی خۆراك هەموو مانگێك بنێردرێتەوە بۆ بەغدا و لە بەرامبەردا بەغدا بەرپرسیارێتییەكانی لە دابینكردنی خەرجییەكان و كۆمەڵێك پێداویستی دیكە جێبەجێ بكات بە پاداشتی مانگانەی كارمەندانەوە.