سلێمانی: 33 هەزار هاووڵاتی لە چاوەڕوانی پاسپۆرتدان



دوای ئەوەی ماوەی ڕابردوو كێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت سەریهەڵدا، ئەمڕۆ هەوڵەكانی عێراق بۆ چارەسەری ئەو بابەتە چڕكرانەوە و 500 هەزار دەفتەر چاپدەكرێن.

لە سلێمانی زیاتر لە 33 هەزار هاووڵاتی مامەڵەی پاسپۆرتیان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی دەكەن، ڕۆژانەش نزیكەی 400 مامەڵەی نوێ‌ تۆماردەكرێن.

سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەی كەمی دەفتەری پاسپۆرت هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر دەبێت، چونكە ئەو 500 هەزار دەفتەرەی پاسپۆرت كە عێراق بڕیاری چاپكردنی داوە لە ماوەی سێ‌ مانگی داهاتوودا چاپ دەكرێن.

وتیشی، ڕێژەی ئەو پاسپۆرتەی ڕۆژانە دروست دەكرێت زۆر كەمە، 365 هەزار هاووڵاتی لە عێراقدا مامەڵەی پاسپۆرتیان تەواو كردووە و چاوەڕوانی دەفتەری پاسپۆرتن.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، تیمێكمان سەردانی بەغدای كردووە و زانراوە كە تەنها 13 هەزار پاسپۆرت چاپكراوە، لە كاتێكدا لە عێراق 19 پارێزگا هەیە، هەربۆیە نزیكەی 500 دەفتەر بۆ پاێزگای سلێمانی دەبێت.

وتیشی، بە تەنها لە سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 33 هەزار مامەڵەی پاسپۆرت تەواو بووە و ڕۆژانە نزیكەی 400 مامەڵەی نوێ‌ تۆماردەكرێن.

لەبارەی ئەو كەسانەی ئێستا دەتوانن پاسپۆرت وەربگرن، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، ئەو كەسانەی نەخۆشن و دەبێت سەردانی دەرەوەی وڵات بكەن، ئەو كەسانەی لەدەرەوە دەخوێنن، یان ئەوانەی بەشداری خول دەكەن، یان ئەوانەی دەچن بۆ حەج، پاسپۆرتیان پێدەدرێت.

وتیشی ئەو كەسانەی گەشتی عەمرە دەكەن پاسپۆرتیان بۆ نوێ‌ ناكرێتەوە چونكە هەركاتێكی دیكە بێت دەتوانن ئەو گەشتە ئەنجام بدەن.

لە كۆتایی ساڵی ڕابردووەوە كێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە و ئەوەش گرفتی بۆ بەشێكی هاووڵاتییان دروستكردووە.

 

بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم زیاد دەكات
پێت بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم زیاد دەكات
عێراقی و ئێرانییەكان كەمێك دڵخۆشییەكەیان بەرز كردەوە
دوات عێراقی و ئێرانییەكان كەمێك دڵخۆشییەكەیان بەرز كردەوە
پەیوەنیدر