دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، بەلەمێكی كۆچبەران بە نزیكەی 50 كۆچبەرەوە لە مەترسیدایە و زۆربەشیان خێزانی كوردن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە بڵاوكرایەوە” بەلەمێكی كۆچبەران لە باشووری دوورگەی كریتی یۆنان لە دۆخێكی نالەباردایە و نزیكەی 50 كەسی هەڵگرتووە، بەپێی زانیاریەكانیش سەرنشینانی ناو بەلەمەكە لە نەتەوەی تێكەڵاون و زۆربەیان خێزانی كوردن و ژمارەیەكی زۆریش منداڵی تێدایە”.
بە وتەی حسێن حەمە ساڵح”كۆچبەرەكان خۆیان پەیوەندیان بە پاسەوانانی دوورگەكەوە كردووە بۆ رزگاركردنیان، بۆ بەلەمەكە لەلایەن بەلەمێكی رزگاركەری لامبرۆ هالماتیك-60 كە سەر بە پاسەوانی كەناراوەكانی هێلینیك بووە، راكێشراوە بەرەو وشكانی لە كەنارەكانی باشووری دوورگەكە، بەڵام نەیانتوانیوە بیانبەنە كەناری دەریاكەوە”.
نوێنەرەكەی دەزگای لوتكەوە دەڵێت”بەلەمەكە لە دەریای رۆژهەڵاتی گوندی كالۆیلیمێنێس بەجێهێڵراوە و كەشتییەكی پاسەوانی كەناراوەكانی هێلینیك لە دوورەوە چاودێری دەكات “.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای لوتكەدا هاتووە” هیچ كام لە سەرنشینەكانی ناو بەلەمەكە لەسەر وشكانی نەبراونەتە شوێنێكی سەلامەت، هەروەها خواردن و ئاو و چاودێری پزیشكیشیان وەرنەگرتووە و تا ئێستا نەزانراوە بۆچی پاسەوانی كەناراوەكان نەیانبردوونەتە بەندەرەكەوە، خەڵكی ناو كەشتییەكە نیگەرانن لە ئەگەری ئەوەی دووبارە بگەرێنرێنەوە بۆ توركیا.”