بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە پەرلەمانی عێراق پرۆژەی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد.
شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 189 ئەندامی پەرلەمان بەردەوامبوو، مشتومڕ و گرژی و ئاڵۆزی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو.
بەشێكی پەرلەمانتاران بە پرۆژەی هەموارەكە ناڕازی بوون و هەوڵی شكستپێهێنانی كۆبوونەوەكەیان دەدا، بەڵام دوای هەشت كاتژمێر پرۆژەكە پەسەند كرا.
پرۆژەكە بریتی بوو لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و قەزاكانی ژمارە 12ی ساڵی 2018.
پارێزگای كەركوكیش لە هەموارەكە كە بووە بە یاسا تایبەتمەندی پێدراوە، بەجۆرێك دەبێت تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و پشت بە ئامارەكانی ساڵی 1957 ببەسترێت.