ڕاپۆرتێكی گۆڤاری فۆڕین پۆڵەسی لەسەر خراپی ڕەوشی هەرێمی كوردستان كاردانەوەی لێكەوتەوە، بەجۆرێك ڕاپۆرتەكە هەرێمی كوردستانی بە ماڵێكی كارتۆنی وەسفكردبوو.
چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت،” ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا باسكراوە واقیعی هەرێمی كوردستانە و هەموو هاووڵاتییان نیگەرانن، بەڵام ڕایان وەرناگیرێت بەقەد ئەوەی ڕاپۆرتێكی گۆڤارێكی بیانی بە هەند وەردەگیرێت”.
لەو بارەیەوە هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕاپۆرتەكە بە باسكردنی چەمچەماڵ، بەراوردی چینی هەژار نشین و دەوڵەمەندی كردووە و ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان ئاگادار نین.
دوای بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە، پارتی دژی وەستایەوە و یەكێتیش پشتیوانی كرد، لەو بارەیەوە ئەو چاودێرە دەڵێت، ئەوە كارێكی ڕۆژنامەوانییە پێویستی نەدەكرد، بەو شێوەیە كاردانەوەی لێبكەوێتەوە ئەو دوو هێزە وەك چۆن كوردستانیان دابەشكردووە كارە ڕۆژنامەوانییەكانیشیان دابەشكردووە، ڕاپۆرتەكە ڕەخنەكەی ئاڕاستەی هەردوولا كردووە نابێت هیچ كامیان خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بدزنەوە، چونكە ئەوان پێكهێنەری سەرەكی حكومەتن ئێستا كاردانەوەی پارتی زیاترە بەو پێیەی كونسوڵیی ئەمریكا لە هەولێرە و ئەوانیش هەرێمی كوردستان بەجۆرێك نیشانی ڕایگشتی و وڵاتان دەدەن كە سیستمی دیموكراتی پەیڕەو دەكەن و ئەوروپا پشتیوانیانە.
وتیشی، ئێستا هەوڵدەدرێت ئەو ڕاپۆرتە بكرێت بە ململانێ و وەك پیلانگێڕییەك سەیردەكرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە واقیعی هەرێمی كوردستانە و هەموو هاووڵاتییان نیگەرانن، بەڵام ڕایان وەرناگیرێت بەقەد ئەوەی ڕاپۆرتێكی گۆڤارێكی بیانی بە هەند وەردەگیرێت.
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، شەیركردنی ئەو ڕاپۆرتە لە لایەن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئاسایی نییە، چونكە ئەو نێردەیەكی دیپلۆماسییە لە وڵاتێك و ئەوە جۆرێكە لەدەستتێوەردان لە ڕووە یاساییەكەیەوە، بەڵام وەك و چاودێرێكی دۆخی هاووڵاتيیانی هەرێم ئەوە دەگەیەنێت كە پێویستە هەرێم تێبگات ئەوەی دەگوزەرێت ناتوانرێت پەردەپۆش بكرێت.
ئەوە دووەمجارە كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر، ڕەخنە لە هەرێم دەگرێت ماوەیەك پێش ئێستاش لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا وتی ئەوان لە پاشەكشەی ئازادی و دۆخی هەڵبژاردن و ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نیگەرانن.