لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، رۆژووەوانان لە هەرێمی كوردستان بەردەم دوكانی شەربەت فرۆشەكان دەگرن و بەڕیزی دوورودرێژ دەوەستن تاوەكو شەربەتی مێوژ و لوقمە قازی بكڕن و بۆ كاتی بەربانگ ببێتە خوانی سەر سفرەكانیان.
لە شاری سلێمانی و لەنێو بازاڕی گەورەی شارەكەدا، چەندین دووكانی تایبەت بە دروستكردن و فرۆشتنی شەربەتی مێوژ هەن و لە مانگی رەمەزاندا هاووڵاتییان بۆ كڕینی شەربەت روویان تێدەكەن.
رۆژووەوانان لە هەر وڵاتێك زیاتر كولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە و هەریەكە و بە شێواز و جۆرێك خواردن بەربانگ دەكەنەوە.
لە سلێمانی هاووڵاتییان بە شەربەتی مێوژ و لوقمەقازی بەربانگ دەكەنەوە و هەر ئەمەشە وایكردووە زۆربەی دووكانی شیرینییەكانی سلێمانی شەربەتی مێوژ بكەنە بابەتی سەرەكی فرۆشتنیان لە دووكانەكانیاندا و هاووڵاتییانیش بە ریزی دوورودرێژ لە چاوەڕوانی وەرگرتن و كڕینی كیسەی شەربەتی مێوژدا دەبن.
نەسرین عەلی كە هاووڵاتییەكی سلێمانی-یە و لە سەرەدابوو بۆ كڕینی شەربەتی مێوژ و شیرینی، ئاماژەی بەوە دەكات، هاتوونەتە بازاڕ بۆ ئەوەی شیرینی و شەربەتی مێوژ بۆ بەربانگ بكڕن.
شیراز عەبدوڵڵا هاووڵاتییەكی دیكەی سلێمانی-یە و دوای گەڕانێكی زۆر بە بازاڕدا، بەهۆی جەنجاڵییەوە شەربەتی مێوژی دەست نەكەوتووە گوتی: ”منیش وەك خەڵكی دیكە هاتوومەتە بازاڕ بۆ ئەوەی شەربەت بكڕم، بەڵام چەند دووكانێك گەڕاوم دەستم نەكەوت، رۆژانی ئاسایی كەم كەس شەربەت دەكڕێت، بەڵام لە رەمەزاندا خواستێكی زۆر لەسەر شەربەت هەیە”.
سەبارەت بە خواستی هاووڵاتییان لەسەر شەربەت لە بەربانگدا، شیراز عەبدوڵڵا دەڵێت ”لێرە زیاتر شەربەتی مێوژ خواستی لەسەرە، پاشان شەربەتی هەنار و مۆز، بە گشتی شەربەتی مێوژ زۆر دەخورێتەوە، چونكە تامێكی تایبەتی هەیە و هەركاتێك بەشەربەتی مێوژ بەربانگ دەكەیتەوە، هەست بە ئاسوودەیی دەكەیت”.