دوابەدوای بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دروست كردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و خەڵكی كەمدەرامەت بە قیستی درێژخایەن، لە سلێمانی لە دوو ناوچە زەوی تەرخان كراوە و سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان ئاشكرای دەكات، 8 هەزار یەكەی بەر سلێمانی دەكەوێت.
بەرھەم سەردار، سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم ٢٠ ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری هەرێم بۆ كرێنشینان دروست دەكرێت و 8 ھەزاریان لە سلێمانی دروست دەكرێن.
وتیشی، “زەوی بۆ پڕۆژەكە لە سلێمانی تەرخان كراوە، كە بەشێكی لە نزیك تاسڵوجە و بەشەكەی دیكەی لە نزیك تانجەرۆ دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەستەی وەبەرھێنان پڕۆژەكەی ئاڕاستەی وەبەرھێنەكان كردووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن تاوەكو پڕۆژەكە بدرێتە وەبەرھێنێك و دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، كە پێدەچێت لەم ھەفتەیەدا ئەو ڕێكارانە تەواو ببن.