لەگەڵ زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەگەرخستنەڕووەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، تا دوو مانگی داهاتوو بەهای دینار لە بازاڕەکان لە نرخەکەی بانکی ناوەندی نزیکببێتەوە.
ئەمڕۆ بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٥٥ هەزار دینارە، ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهای دینار بەردەوام ڕووی لە دابەزین بووە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، بە (خەڵك) ڕاگەیاند، ێستا ڕۆژانە بانکی ناوەندی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەکانەوە، ئەمەش وادەکات بەهای دینار بەرزببێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە لەگەڵ ئەو ڕێژە زۆرەی دەخرێتە بازاڕەکانەوە بەڵام دینار بە ڕێژەیەکی نزم بەهاکەی بەرزدەبێتەوە، ئەمەش لەبەر زۆری ئەو خواستەی بۆ دۆلار هەیە، بەڵام ئەگەر تا مانگێک بۆ دوو مانگ بەم جۆرە خستنەڕوو بەرزبێت، ئەوا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دینار لە بەهای نرخەکەی بانکی ناوەندی نزیکدەبێتەوە.
لەبارەی گرانبوونی نرخی زێڕ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ئەمریکا و مایەپووچبوونی دوو بانکی ئەمریکی، نرخی زێڕ لە ئاستی جیهاندا بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک ئێستا ئۆنسێک زێڕ بووەتە هەزار و ٩٧٨ دۆلار، لە کاتێکدا سێ ڕۆژ پێش ئێستا بە هەزار و ٩٤٢ دۆلار بووە.