وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە كەمترین نرخی گەشتی عومرە هەزار و 200 دۆلارە ، دەشڵێت،”ئەگەر عومرەكار هۆتێلی زۆر نزیكی بوێت نرخەكە زۆر زیاترە”.
كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم لە لێكوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوو ساڵە سعودیە سەرقاڵی رێكخستنەوەی حەج و عومرەیە، ئەمساڵ وەك تاقیكردنەوە سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی داناوە و هەر لەو رێگەیەوە دەیانەوێت رێگری بكەن لە دووبارەبوونەوەی عومرەكردن لە مانگی ڕەمەزاندا.
وتیشی،”ساڵی رابردوو دوای رەمەزان نرخی عومرەكردن لە هەرێم بۆ نزیكەی 650 دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەمساڵ عومرەكردن كە بەشێوەیەكی ئاسایی بێت لە نێوان هەزار و 200 بۆ هەزار و 400 دۆلاری تێدەچێت، ئەگەر عومرەكار هۆتێلی زۆر نزیكی بوێت نرخەكە زۆر زیاترە”.
ڕاشیگەیاند، ئەو كەسانەیشی ڤیزەی یەكساڵییان هەیە ناتوانن دووجار بچن بۆ عومرەكردن لەم مانگەدا، چونكە لە رێگەی سەكۆكەوە ناویان ئاشكرا دەبێت و خزمەتگوزارییان بۆ دابین ناكرێت، هەروەها بەبڕیاری سعودیە رێگە نادرێت هیچ عومرەكارێك 15 رۆژ زیاتر بمێنێتەوە، یان لە مانگێكدا دووجار عومرە بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی گەشتكردن بۆ عومرە ستوونی دەڵێت، بەهۆی رەمەزانەوە لە هەموو وڵاتانی ئیسلامییەوە خەڵك خواستی عومرەكردنیان هەیە، ئەوەش وایكردووە هۆتێل بە ئاسانی دەستنەكەوێت و نرخی بەرزببێتەوە.