دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ژمارە و ناوی دەروازە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێم ئاشكرادەكات و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “دەروازە سنوریەكانی هەرێم، سەرچاوەیەكی گەورەی گەندەڵی و قاچاخییە و داهاتەكەشی ناشەفافە”.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەئەنجامی بەدواداچوون بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، كە سەرچاوەیەكی قاچاخ و گەندەڵیە و داهاتەكەی ناشەفافە، دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، دەروازە سنوریەكانی هەرێم لەژێر هیچ چاودێری و كۆنتڕۆڵێكی عێراقدا نین و پابەندی بڕیاری ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠١٩)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ نابن.
ئاشكراشی كرد، لە ڕێككەوتنی ئەمجارەی هەرێم و بەغدا لەسەر كۆمەڵێك ڕاسپاردە ڕێككەوتون، كەپێویستە حكومەتی هەرێم واژۆیان لەسەر بكات، بەڵام تاكو ئێستە ئیرادەیەكی جدی نیە بۆ پابەندی هەرێم لەسەر دەروازە سنوورییەكان.
دەشڵێت: “دەروازە سنوریەكانی هەرێم، سەرچاوەیەكی گەورەی گەندەڵی و قاچاخییە و داهاتەكەشی ناشەفافە”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بەنووسراوی ژمارە (٤٠٤٦ لە٩/٣/٢٠٢٣) ئاماژە بەوە دەكات، هەرێمی كوردستان ٤ دەروازەی سنوری بەفەرمی ناسێنراوی لەلایەن عێراقەوە هەیە كە بریتین لە (ابراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان) لەگەڵ هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی، بەڵام 6 دەروازەی دیكەی سنووریی هەیە لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی نەناسێنراوە، تەنها لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناسێنراوە، لەئێستادا لەدراسەدایە لەلایەن عێراقەوە تاكو بە فەرمی بناسێنرێن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد، لەو 6 دەروازە، 2 دەروازەیان لەسنوری دهۆك-ە بەناوەكانی (سەرزێری و سێماڵكا) و 4 دەروازەی دیكەیان لەسنوری سلێمانی-یە بەناوی (كێلێ، سەیران بەن، تەوێڵە، پشتە).
دەشڵێت: “جگە لەوە، (٢٠) دەروازەی دیكە لەهەرێم هەیە جگە لە حكومەتی عێراقی، لەلایەن حكومەتی هەرێمیشەوە بەفەرمی نەناسێنراون”.