دوابەدوای پارێزگای سلێمانی، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاتەكانی بانگ گۆڕانكارییان تێدا كرا و نزیكەی 10 خوولەك جیاوازی لەگەڵ شاری هەولێر هەیە.
لە ڕابردوودا ئیدارەی سۆران وەك شارۆچكەیەك سەر بە پارێزگای هەولێر بووە و كاتەكانی بانگی لەگەڵ ئەو پارێزگایە ڕێكخراوە، بەڵام لە ئێستادا، ئەوقافی سۆران دەستی بە ڕێكخستنەوە و ڕێككردنەوەی كاتەكانی بانگ كردووە بەپێی كاتەكانی ناوچەكە.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران لیژنەیەكی پسپۆڕی ئایینی و زانستی پێكهێناوە بۆ ڕێكخستنەوەی كاتەكانی بانگدان لە سنووری ئیداری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف بۆ ڕێكخستنەوەی كاتەكانی بانگ، لە سنووری ئیدارەی سۆران لەلایەن لیژنەیەكەوە ڕێكخستنەوە بۆ كاتەكانی بانگ كراوە و ڕۆژمێرێكی تایبەت دروست كراوە، كە كاتەكانی بانگی فەرزەكانی بەپێی ناوچەكان ڕوونكردۆتەوە.
(خەڵك) ئەوەشی زانیوە، لە ئیدارەی سۆران كاتەكانی بانگ نزیكەی 10 خوولەك جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوەندی شاری هەولێر و بڕیاریش دراوە، كە لەسەرجەم مزگەوتەكان كار بەو ڕۆژمێرە بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئەوقافی پارێزگاكەوە خشتەی نوێی ڕۆژمێری كاتەكانی بانگ بڵاوكرایەوە و گۆڕانكاری لە بەشێكی كاتەكانی بانگ كراوە، كە لە كاتەكانی بانگی بەیانی و ئێوارە و خەوتنان نزیكەی 4 بۆ 6 خوولەك گۆڕاوە و لە نوێژی عەسر نزیكەی 15 خوولەك گۆڕانكاری كراوە.