لوكا مۆدریچ كاپتنی یانەی ریاڵ مەدرید لەسەر داهاتووی خۆی لەگەڵ مێرینگێ هاتەدەنگ، بە تایبەت، دوای بڵاوبوونەوەی باسەكانی تایبەت بە ڕۆیشتنی بۆ خولی سعودیە.
مۆدریچ لە ئێستادا لەگەڵ هەڵبژاردەی كرواتیایەكە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وێڵز لە پاڵاوتنەكانی ئەوروپا یۆرۆی 2024 ئامادە دەكات كە ئەمڕۆ شەممە یارییەكە بەڕێوەدەچێت.
مۆدریچ لەبارەی دەنگۆی ڕۆیشتنی بۆ سعودیە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “خواستی من ئاشكرایە، دەمەوێت لە ریاڵ مەدرید بمێنمەوە، هیوادارم لە سانتیاگۆ برنابیۆ بمێنمەوە”.
بە وتەی یاریزانە كرواتییەكە”ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، تەنیا گریمانەن و بۆ سەدەمین جار دووبارەی دەكەمەوە كە هیوادارم لەگەڵ ریاڵ مەدرید بمێنمەوە”.
سەبارەت بە ئەگەری وازهێنانی لە یاریكردنی نێودەوڵەتی، تا بەردەوام بێت لە ڕیزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید، مۆدریچ بە “نەخێر” وەڵامی دایەوە.
لۆكا مۆدریچ دوایین ساڵی لەگەڵ ڕیاڵ مەردید بەسەردەبات و لەئێستادا ناوی وابەستەی گواستنەوەیە بۆ نەسری سعودی كە لەڕیزەكانیدا كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی یاریی دەكات.