لیژنەكانی هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەیەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا لیژنە هاوبەشەكان هەڵمەتێكیان بۆ دوكان بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئەنجامدا و دەستیان بەسەر بڕێك شەربەت و شیرینی خراپبوودا گرت، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت،”لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا هەڵمەتەكان زیاتر دەبن”.
رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەدرێژەی هەڵمەتەكانی لیژنەكانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و چاودێریكردن و پشكنینی ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانەی لەلایەن دوكاندار و بازرگانەكانەوە بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی ناو بازاڕی شاری سلێمانیان كرد.
وتیشی ،” لە هەڵمەتەكەدا، زیاتر لە (187) شوێنیان بەسەركردووەتەوە لەو ژمارە (12) پسوڵەی سەرپێچی و (19) پسوڵەی ئاگاداركردنەوە تۆماركراوە، كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن، لەگەڵ دەستبەسەردا گرتنی زیاتر لە (200) كیلۆگرام شیرینی و بڕێكی زۆر شەربەتی هاوردەكراوی خراپبوە لەگەڵ بڕێك شیرمەنی خراپبوو، كە خاوەنەكانیان بەنیازبون بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكەنەوە” .
سەرۆكی لیژنەكان ئاماژەی بۆئەوەكرد، ئەو شیرینی و شەربەت و شیرەمەنیانەی دەستی بەسەردا گیراوە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەناودەبرێن و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، لەكاتی هەبوونی سكاڵا یان پێدانی زانیاری بە قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكان، پەیوەندی بە مۆبایلی ژمارە (07708677777)ـەوە بكەن.