شارەزایەكی بواری كەشناسی لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، مانگی داهاتوو بەتێكرای پێشبینی و چاودێری سەنتەرە كەشناسییەكانی جیهان چاوەروان دەكرێت مانگێكی باراناوی بێت و دابارین لەسەروو رێژەی ئاساییەوە تۆمار بكرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە هەرێم بڵاویكردەوە، بە پێی پێشبینی و چاودێری سەنتەرە كەشناسییەكانی جیهان مانگی داهاتوو بەتێكرا چاوەروان دەكرێت مانگێكی باراناوی بێت و لەتەواوی ناوچەكانی هەرێم و عێراقدا ئاستی دابارین لەسەروو رێژەی ئاساییەوە تۆماربكرێت، تێكرای پلەكانی گەرما نزیك دەبن لەئاستی ئاسایی ئەو مانگە.
ڕاشیگەیاندووە، مانگی چوار یەكێكە لەو مانگانەی پلەكانی گەرما تیایدا گۆڕانكاری خێرایە لەنزمبوونەوە و بەرزبوونەوەدا، بۆیە ناجێگیربوونی كەشوهەوای زیاتر دەبێت بەراورد بەمانگەكانی پێش خۆی.
ئاشكراشیكردووە، زیادبوونی دیاردەكانی چالاكبوونی هەورە ترشقە و بارانی بەخوڕو تەرزە، كە زۆر كات بەهۆیەوە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو و لافاوی خێرای لەناوچەكاندا لێدەكەوێتەوە پێشبینی كراو دەبێت.