هیومان رایتس وۆچ: گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا ماوەی پێنج ساڵە مافەكانی مرۆڤ لە سنووری عەفرین پێشێل دەكەن
كۆمەڵكوژییەكەی جێندرێس كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدواداهات، ڕێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ هومان ڕایتس وۆچ دەڵێت كوشتنی كورد لە شەوی نەورۆزدا لە جێندرێس درێژەی ئەو زنجیرە پێشێلكارییانەیە كە ماوەی پێنج ساڵە لە دژی دانیشتوانی ناوچەی عەفرین لەسەر دەستی توركیا و گرووپە تیرۆرستییەكانی سەر بە ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت.
گرووپی تیرۆرستی ئەحرار شەرقییەی سەر بە توركیا ئێوارەی 20ی ئاداری 2023 لە ناوچەی جێندرێسی سەربه هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان لەكاتی كردنەوەی ئاگری جەژنی نەورۆزدا پێنج كەسیان شەهید كرد.
ئادەم كوغل، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و باكووری ئەفریقا لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت “ئەو تاوانە دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دێت لەسەر دەستی هێزەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە ئەنقەرە”.
دەشڵێت “توركیا ڕێگەی بەو چەكدارانە داوە بۆ ئەوەی خراپ مامەڵە لەگەڵ كوردانی ناوچەكانی عەفرین و سەرێ كانیێ بكەن كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەو چەكدارانەدایە، ئەوان بەهیچ شێوەیەك تاوانەكان ناخەنەئەستۆی چەكدارەكانیان”.
ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە، بەوردی باسی لە كۆمەڵكوژییەكەی شەوی نەورۆز كردووە بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگەنامە و ژمارەیەك شایەتحاڵ و دەشڵێت “توركیا، وەك هێزێكی داگیركەر لایەنگری ئەو گرووپە چەكدارانە دەكات كە ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستانیان داگیركردووە، دەبێت پابەند بێت بە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە، و بەرپرسیارانە لێپرسینەوە لەگەل بەرپرسانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بكات”.
ڕێكخراوەكە، داوای لە توركیا كرد هەموو پاڵپشتییەك بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە ببڕێت كە لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و پێشێلكردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان تێوەگلاون.
بە پشتبەستن بە بەڵگەكان، ڕاپۆرتەكە ڕۆشنایی دەخاتە سەر چۆنیەتیی كۆمەڵكوژییەكە لە دژی براكان، بەو پێیەی بنەماڵەی فەرحان دین عوسمان لە ناوچەی زیانلێكەوتووی جێندرێس ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا، هاوكات گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا ڕێگرییان لێكردن و داوایان كرد ئاگرەكە بكوژێننەوە.
دواتر چەكدارەكان تەقەیان لە خێزانەكە كردووە و خۆی و كوڕەزاكەی و براكەی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكیان برینداركرد دواتر كەسێكی دیكەش لە ئەنجامی برینەكەیدا گیانیان لەدەستدا.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستدرێژییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان “پڕن لە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ”.
بەپێی ئاماری هیومان ڕایتس وۆچ، گرووپی چەكداری سووپای نیشتمانی سووريا كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلكاریی، لەوانە كوشتن بەبێ ئەوەی بدرێنە دادگا، تاڵانكردن، دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان، بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە توركیا بۆ ڕێگریكردن لە پێشێلكارییەكان یان باشتركردنی ڕەفتاری گرووپە چەكدارەكان كاری نەكردووە.
كوغل ڕاشیگەیاند: توركیا و سووپای نیشتیمانی سووریا، لە پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل لە ڕۆژئاوای كوردستان شكستیان هێناوە، دڵنیابوون لەوەی ئەم بكوژانە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و شەفاف لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوە بۆ ئاراستەیەكی دروست هەنگاوێك دەبێت.
گرووپە تیرۆرستییەكانی سەر بە دەوڵەتی توركیا لە هەرێمی عەفرین كە دەسەڵاتداری ناوچەكەن دەڵێن تۆمەتبارانی هێرشەكەی ئێوارەی نەورۆزیان دەستگیركردووە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان تاوانباری سەرەكی كە كەسێكی دەستڕۆیشتووی ناو گرووپە تیرۆرستییەكانی سەر بە توركیایە دەستگیرنەكراوە.
بەپێی سەرچاوەكان، هێرشبەرەكە دەستڕۆیشتوویەكی ناو گرووپە تیرۆریستییەكانە و بە دووژمنی سەرسەختی كورد ناسراوە، چەندین تاوانی دیكەی ئەنجامداوە، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەكی لەگەڵدا نەكراوە.
كوردان لە ناوچەی جێندرێس رژانە سەر شەقامەكان داوای دەركردنی تەواوی گرووپە تیرۆرستییەكانیان كرد لە ناوچەكانیان و لە رێوڕەسمێكی گەورەی جەماوەریدا تەرمەكانیان بەخاك سپاردن.
لەلایەكی دیكەوە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە سەر بە توركیایە و دەسەڵاتداری ناوچەكەیە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت لە زۆرینەی ناوچە كوردییەكان جەژنی نەورۆز ئاسایی بەبێ هیچ رێگرییەك پیرۆزكراوە، ئەوەی لەجێندرێس ڕووی داوە، دەگمەن بووە، لەلایەن چەكدارانەوە بووە و رووبەڕووی سزا و دادگاییكردن دەبنەوە.
لە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت بە تووندی شەرمەزاری ئەو كۆمەڵكوژییە كراوە كە لەسەر پێڕەوكردنی سەرەتاییترین مافی كورد لە ناوچە داگیركراوەكانی هەرێمی عەفرین كۆمەڵكوژی ڕووی داوە.