لە ساڵی 2012ەوە تۆماركردنی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕاگیراوە و وەزیرێكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە 14 هەزار كەس تۆماردەكرێت و دوای پشكنین مووچەیان بۆ دەبەسترێت.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لە ساڵی 2012ەوە هیچ خاوەن پێداویستیی نوێ تۆمار نەكرابوو، بۆیە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك پێك هات و لیستێك ئامادە كراوە، كە 14 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی تێدایە و لیژنەیەكی تایبەت پشكنینیان بۆ دەكات.
ڕاشیگەیاند، ئەو كەسانە ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی و دارایی بوو، لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە فەرمانی تۆماركردن و خەرجکردنی مووچەیان بۆ وەردەگرین.
ئاشكراشی كردووە، تەواوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچەی فەرمانبەری یان خانەنشینییان هەبوو، لە هەمان كاتدا 100 هەزار مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەبوو، بۆیان خراوەتە سەر مووچەكانیان وەك دەرماڵە.
دەربارەی جێبەجێ كردنی یاسای تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كوێستان محەمەد وتویەتی، “داواكاری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، كە مووچەی خاوەن پێداویستی بە ڕێژەی پەكەوتەییان بێت و بەپێی یاساكەیان، ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داوینەتەوە و پێمانی ڕاگەیاندووە لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان یاساكە جێبەجێ دەكەین”.