ئەردۆغان: كەمال كلچدار ئۆغلۆ بووە بەهیوا بۆ قەندیل
سەرۆككۆماری توركیا و بەربژێری هاوپەیمانی كۆمار بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دیارینەكردنی كاندیدی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لەلایەن پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)وە رایگەیاند: “هەدەپە یەكسانە بە پەكەكە، هەدەپە یەكسانە بە یەپەگە/پەیەدە، لەم هاوكێشەیەدا شوێنی جەهەپە لە كوێیە، با گەلەكەم بیر لەمە بكاتەوه”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە پەخشی هاوبەشی هەردوو كەناڵی NTV و Star TVی توركیای كرد و لەبارەی مێزی شەشی ئەو شەش پارتەی ئۆپۆزسیۆن كە هاوپەیمانەتییەكیان بەناوی هاوپەیمانی میللەت پێكهێناوە، رایگەیاند: ” بە تەواوی بە لۆژیكی هاوپەیمانیەتییەك كار دەكەن كە وێنای توركیای كۆن لەخۆدەگرێت”.
ئەردۆغان هەر لەبارەی مێزی شەشی ئەو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: “درێژكراوەی پەكەكە لە پەرلەمان هەدەپەیان كردە هاوبەشی مێزەكە و پێكەوە رێگایان گرتووەتەبەر. هەدەپە یەكسانە بە پەكەكە، هەدەپە یەكسانە بە یەپەگە/پەیەدە. لەم هاوكێشەیەدا شوێنی جەهەپە لە كوێیە، با گەلەكەم بیر لەمە بكاتەوە”.
ئەردۆغان لەبارەی دیارینەكردنی هیچ كاندیدێكی سەرۆككۆمار لەلایەن هەدەپەوە دەڵێت: ” هەدەپە هەرخۆی هاوبەشی حەوتەمی مێزەكە بوو”.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا “سەركردەكان لە قەندیل باس لەوە دەكەن مێزی شەشی هیوایەكی بۆ ئەوان دروستكردووە، كەمال كلچدار ئۆغلۆ وەك كاندیدێكی هیوابەخش بە قەندیل دەبینن”.
ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار لە وڵاتەكەی رایگەیاند “هیچ گومانێكمان لەوەدا نییە كە هاوپەیمانی كۆمار لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار سەردەكەوێت. دەرگامان كراوەیە بۆ ئەو پارتانەی رێز لە بەهای گەل دەگرن و سیاسەتێكی خۆجێی و نەتەوەیی ئەنجام دەدەن. بە ئەرێنییەوە پێشوازی لە هاتنە ریزەكانی هاوپەیمانی كۆمار دەكەین. ئێمە وەكو مێزی حەوتی (لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن) ئیش لەسەر كورسی ناكەین بەڵكو ئیش لەسەر بەهاكان دەكەین”.