یەكێتی تۆپی باسكەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، خولی یانەكانی ئافرەتانی عێراق لە كۆتایی ئەم مانگەدا لە شاری هەولێر سازدەكرێت.
خالید نەجم ئەندامی تۆپی باسكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە، یەكێتی تۆپی باسكەی عێراق بڕیاریدا پاڵەوانێتی ئافرەتان لە هەولێر لە 26ی ئادارەوە، تا 1ی ئایار سازبكرێت.
بە وتەی ئەو ئەندامەی یەكێتی تۆپی باسكەی عێراق، یەكێتی عێراق بۆ یارییەكە ڕێگەی بە هەر تیپێك داوە، تەنیا یەك یاریزانی پیشەگەر لەخۆبگرێت كە لە چوارچێوەی ڕیزەكانیدا یاری بكات.
نەجم خالید دەڵێت، ستافی ڕاهێنەران بەدواداچوون بۆ پاڵەوانێتییەكە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی دیارترین یاریزانەكان، تا بانگهێشتیان بكەن بۆ پێكهاتەی هەڵبژاردەی نیشتمانی.
هەڵبژاردەی یانەی تۆپی باسكەی ئافرەتانی سەنحاریب لە وەرزی ڕابردوودا ناسناوی خولی یانەكانی ئافرەتانی عێراقی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بەرامبەر بە دەربەندیخان بە ئەنجامی 50-33 خاڵ یارییەكەی بردەوە.
وەرزی ڕابردوو یانەكانی سەنحاریب و ئەكادی عەنكاوە، غازی باكوور، دەربەندیخان و بەسرە، بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەكەدا كرد.