لە ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خەڵك درێژەیان بەشەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان دا كە بەر لە شەش مانگ بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیانپێكردووە، لەبەرامبەردا هێزەكانی حكوومەت خەڵكیان دایە بەر دەستڕێژ و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە شارەكانی مەهاباد، بوڵواناوا سەر بە دێولان، سەقز و سنە خەڵك كە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕژابوونەوە سەر شەقامەكان، درانە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و زیاتر لە ٤٠ كەس برینداربوون.
هێزەكانی سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ خەڵكیان لە شاری مەهاباد داوەتە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی برینداربوون، زۆرترین ژمارەی بریندارەكان ژن و منداڵ بوون.
هەروەها، لە شاری سەقز و بەتایبەتی لە گەڕەكی كەریم ئاوای ئەم شارە، سەرەڕای فڕێدانی گازی فرمێسك ڕێژ، هێزەكانی حكوومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵك كردووە، لەوێ برینداربوونی ٩ كەس پشتڕاست دەكراوەتەوە كە ٢ كەسیان ژن بوون.
لە شارۆچكەی بوڵواناوا سەر بە شاری دێولان هێزەكانی حكوومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵك كردووە، بەهۆیەوە لانی كەم ٣ كەس برینداركران.
هێزەكانی حكوومەت لە چەند گەڕەكێكی شاری سنە هێرشیان كردە سەر ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز و بەپێی ڕاپۆرتەكان چەندین هاووڵاتیی برینداركراون.