لەگەڵ هاتنی نەورۆزدا لە نێو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا وا بڵاوكرایەوە كە نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی دوكان زۆر بەرز بووەتوە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان ڕەتیدەكاتەوە و دەشڵێت،” باران بارین كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار هەبووە”.
لەنێو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكرایەوە كە نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی دوكان زۆر بەرزبووەتەوە بۆ ڕاستی ئەم بابەتە خەڵك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكانەوە كرد، بەڵام ئەو ڕەتیكردەوە.
ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، باران بارین كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ سەیرانگای دوكان هەبووە و ئەمڕۆ سەر لەبەیانی ڕێژەیەكی كەمتر گەشتیار هاتووە، بەڵام دوای نیوەڕۆ كەشوهەوا لەبار بوو ڕێژەیەكی باشی هاووڵاتییان سەردانی سەیرانگاكەیان كرد و هەتا ئێستاش ئۆتۆمبێلی دیكە دێتە ناو سەیرانگاكەوە.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی كەپر و كابینە گەشتیارییەكانی دوكان بۆ نەورۆز، ڕێژین ڕەئوف وتی، ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە و هەڵای چەند ڕاگەیاندنكارێكەو لە نزیكەوە بەدواداچوونیان نەكردووە.
لەبارەی نرخەكانەوە وتی، ئەوە لە پسپۆڕی ئێمەدا نییە، بەڵكو كۆمەڵەی میوانخانەكان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی نرخەكان دیاریدەكەن، ئێمە تەنها چاودێريی دەكەین.
وتیشی، لە ساڵی ڕابردوودا كە شەش ڕۆژ بەهۆی نەورۆزەوە پشوو بوو، نزیكەی 220 هەزار گەشتیار سەردانی دوكانیان كرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كەمی پشووەكان و هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە پێدەچێت ڕێژەكە كەمتر بێت، بەڵام جەژنی ڕەمەزانمان لەپێشە و پَشبینی هاتنی گەشتیارێكی زۆر دەكەین.
هاوینە هەواری دوكان، هەوارێكی دڵگیر و ئاشنایە لای هاووڵاتییانی سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە ساڵانە لەسەرجەم شوێنەكانەوە ڕوویتێدەگەن و هەندێك جار گەشتیاری بیانیش بەتایبەتی لەكاتی بۆنەكاندا سەردانی دەكەن.