لە نەخۆشخانەیەكی بەغدای پایتەختی عێراق، ژنێك پێنج منداڵی بەسكێك بوو،لەئێستاشدا تەندروستی منداڵەكان و دایكەكە جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، د. سەلام بەدر سوڵتان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فاتیمە زەهرا بۆ ئافرەتان و منداڵانی سەر بە بەشی تەندروستی رەسافەی بەغدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ژنێك بەیەك سك پێنج منداڵی بووە كە سێ منداڵیان كچ و دوانیشیان كوڕن، تەندروستی سەرجەمیان جێگیرە و لەئاستێكی باشدایە.
د. شەیما محەمەد ئەلامی سەرۆكی تیمی پزیشكی و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون ڕایگەیاندووە، ژنەكە تەمەنی 20 ساڵانە و ماوەی دووگیانیەكەی نۆ مانگ بووە.
ئاماژەی بە ئەوەش كردووە، ئەو ژنە كاتێك گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەدەست ئازاری توندی منداڵبوونەوە ناڵاندوویەتی، دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و تاقیگەیی پێویست و سۆنار، گواستراوەتەوە بۆ ژوری نەشتەرگەری، نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و پێنج منداڵی بەسكێك بو، كە سیانیان لەڕەگەزی مێ و دوانیشیان لەڕەگەزی نێرن، كێشیان لە نێوان 800 بۆ هەزار و 300 گرامیدایە.